قوتابخانه‌یه‌ك به‌ناوی رائید عه‌لی سدقییه‌وه ده‌كرێت
وه‌زیری په‌روه‌رده داوا له سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات، سبه‌ی چوارشه‌ممه بۆ رێزنواندن له رۆحی شه‌هیدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دهۆك، خوله‌كێك بوه‌ستن و قوتابخانه‌یه‌كیش به‌ناوی شه‌هید رائید عهلییەوە دەکات، کە رۆڵی له رزگاركردنی گیانی خوێنکاران هەبووە.
رۆژی سێشه‌ممه (22ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، ئالان حه‌مه سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی هه‌رێمی كوردستانی ئاگاداركرده‌وه، رۆژی چوارشه‌ممه، پێش وانه‌ی یه‌كه‌م، خوله‌كێك بۆ رێزنواندن له رۆحی شه‌هیدانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دهۆك بوه‌ستن.
ئالان حه‌مه سه‌عید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رائید عه‌لی سدقی و هاوپیشه‌كانی زۆر بوێرانه و خۆنه‌ویستانه بوونه هۆكار بۆ رزگاربوونی گیانی 56 قوتابی ئه‌و به‌شه‌ناوخۆییه‌ی رووداوه‌كه‌ی لێكهوتهوه، ئه‌وه‌شی به “شاكارێكی فیداكارانه” وه‌سفكردووه.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی دهۆكی راسپارد لەکاتی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی نوێ یان تەواوکردنی باڵەخانەی قوتابخانەیەک، بەناوی رائید عه‌لی سدقی بكرێت.
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له باڵه‌خانه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كی گرێ باسێ، له ئه‌نجامی ته‌قینی تانكی غازی فڕنێك كه له نهۆمه‌كانی سه‌ره‌وه‌یدا، بووه هۆی شه‌هیدبوونی 6 كه‌س و برینداربوونی زیاتر لە 40 كه‌سی دیكه.
هه‌ریه‌كه له رائید عه‌لی سدقی به‌رواری، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی دهۆك و دوو پۆلیسی دیكه به‌ناوه‌كانی، غه‌فوور عومه‌ر و كۆڤان محه‌ممه‌د، له‌میانی هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی گیانی قوتابیانی به‌شه‌ناوخۆییه‌كه، شه‌هیدبوون.