ئه‌یاد عه‌للاوی داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌كات

هاوپه‌یمانی نیشتمانی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌للاوی، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: پێویسته‌ حكومه‌تی ئێستای محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، رێوشوێنی پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ به‌پێی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دیاریكراوه‌، بگرێته‌به‌ر.

هاوپه‌یمانی نیشتمانی داواش ده‌كات، یاسای حزبه‌كان و هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موواربكرێته‌وه‌ و بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ك یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێت و گۆڕانكاری له‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا بكرێت و كۆمیسیۆنێكی نوێ و سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژێردرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانیش به‌ڕێوه‌بچێت و تاكو هاووڵاتییانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاواره‌كانیش بتوانن ده‌نگی خۆیان بده‌ن.

رۆژی (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له‌لایه‌ن له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆككۆماری عێراقه‌وه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی راسپێردرا بۆ پێكێهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و  رۆژی (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ئاماده‌بوونی (253) په‌رله‌مانتار، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به‌ كارنامه‌ و 21  وه‌زیری‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی به‌خشی.

K24

ھەواڵی زیاتر