مەسرور بارزانی: نابێ ئێران ئاڵۆزییەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵێکی دیداری ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان-دهۆک ڕایگەیاند، پێویستە قەیرانەکان ئیدارە بدەین، لە هەمان کاتدا ڕیفۆرم بکەین.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: ”ئێمە لە سەرەتای کابینەی نۆیەمدا چەندین ئاڵنگاریمان هاتووەتە بەردەم، ئەوەی لە کارنامەی حکوومەتمان هەبوو، زۆر باش بوو، بەڵام کە کۆڤید ١٩ هات، نرخی نەوت دابەزی، جگە لەوەی کێشەمان لەگەڵ بەغدا هەبوو لەسەر بودجە، هەروەها لەبارەی هەندێک کێشە لە ناوچەکە، هەموو شتێک هێواش بووەوە، دواتر شەڕی ئۆکراینا بە هەمان شێوە وای کرد کێشەی خۆراک دروست ببێ و نرخی نەوت بەرز بووەوە، دەبوایە ڕووبەڕووی هەموو ئەمانە ببینەوە.”

ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە قەیرانەکان ئیدارە بدەین، لە هەمان کاتدا ڕیفۆرم بکەین و گوتی: ”سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئارامگرییان هەبووە و لەگەڵ حکوومەت پشوودرێژ بوون. ئێمە کێشەی کەمیی بودجەمان هەبووە، بەڵام هەموو ئەمانە نەیانتوانی ئێمە بوەستێنن. بەڵێ ئاڵنگاری هەیە، بەڵام دەرفەتە بۆ ئێمە کە کار بکەین، چۆن بتوانین کار بکەین و چاکسازیی باشتر بکەین.”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ”ئێمە لە هەرێمی کوردستان داوامان کردووە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت، ئەو پەیوەندییانەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت. بەڵام لە لایەن ئێرانەوە چەندین هێرشمان کراوەتە سەر. ئەمە پێشێلکردنی یەکپارچەیی و سەروەریی عێراقە. پێمانوانییە هیچ هۆکارێک بۆ ئەم کێشانە هەبێت. ئەگەر کێشەش هەبێت دەبێ بە دایەلۆگ چارەسەر بکرێت، نابێ مووشەکمان تێ بگرن.”

گوتیشی: ”دەزانین چەندین گۆڕانکاری لە ناوچەکە هەیە و چەندین ئاڵۆزی لەنێو ئێران هەیە، نابێ ئەو ئاڵۆزییانە بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازنەوە. داوا دەکەین هەموو دراوسێکان ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن.”

ڕوونیشی کردەوە: ”هەموو هاوبەشەکانمان بەڕوونی کاریان کردووە و ئیدانەی هێرشەکانیان کردووە و لەگەڵ ئێمە هاوکار بوون، حکوومەتی فیدرالیش شان بە شانمان وەستاون بۆ ئەوەی پێکەوە یەکپارچەیی ناوچەکە بپارێزین، داوایان کردوە بە دایەلۆگ کێشەکان چارەسەر بکەین.”

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد: ”چاکسازی شتێک نییە کە بگەیتە ئاستێک و بڵێی تەواو، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەردەوامە و گرنگ نییە چەند کاتت پێویستە. ئێمە ئابووریمان فرەچەشن کردووە تاوەکوو پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستین. کاری باشمان کردووە، بۆ نموونە هەفتەی ڕابردوو یەکەم هەناردەی کشتوکاڵیمان بۆ دەرەوە کردووە، ئەمە وا دەکات کە جووتیارانمان وەبەرهێنان بکەن.”

ڕایشیگەیاند: ”لە لایەکی دیکەوە هەوڵمان داوە کە ئەو خزمەتگوزارییانەی هەن بکەینە ئۆنلاین و بەرەو پێشەوەی ببەین، تەندەرینگ زیاتر بکەین، ئەمە یارمەتیی حکوومەتی داوە کە بتوانێ کارەکانی باشتر بکات و ئێمە چەندین دەرفەتمان ڕەخساندووە بۆ هاووڵاتییان تاوەکوو بەخێرایی دەستیان بەو شتانە بگات کە دەیانەوێت، ئەمە وەبەرهێنان و ئەرکێکی قورسی دەوێ.”

گوتیشی: ”ئێمە کاتێک دەستمان بە کابینەی نۆیەم کرد، هەموو هەوڵمان دا کە ئەمانە چارەسەر بکەین، هیوا دەخوازین بۆ ٢٠٢٥ هەموو ئەمانە چارەسەر بکەین. پێشتر داتاسەنتەرێکمان دامەزراندووە تاوەکوو ئەو کاتەی خەڵکی بڕیار دەدەن، بە شێوەیەکی داتا بڕیار بدەن، ئەمە ئەوەیە کە چۆن بتوانین ژێرخانی خۆمان بنیاد بنێین. دەکرێ هەموو شتەکانمان هەبێ و بەباشی، ئەمەش دەکرێ ڕیفۆرمێکی باش بێت.”

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە ”توندڕەوی و تیرۆریزم کێشەیە، دەبینین کە ئێستا داعش کار دەکات و هێشتا مەترسیی ماوە، چەندین ئایدۆلۆژی و گرووپی جیاواز هەن کە بەرپرسیارانە مامەڵە ناکەن، ئەمانە هەموویان ئاڵنگارین و پێویستە ڕۆژ بە ڕۆژ کاریان لەسەر بکەین. بۆ نموونە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داعش چەندین چارەسەر هەبووە تا سەربازانمان تیرۆریستان لەناو ببەن، بەڵام پێویستە هەماهەنگیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی فراوان بکەین، ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان هەیە، تاوەکوو کارە تیرۆریستییەکان نەهێڵین، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەوە نییە تەنیا بە سەربازی چارەسەر بکرێ، بەڵکوو پێویستە حکوومەت خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی هاووڵاتییان بکات. توندڕەوی کاتێک ڕوو دەدات کە خزمەتگوزاری و هەلی کار کەم بێت، پێویستە حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت و ئەمن و ئاسایشێکی باش سەقامگیر بکات.”

گوتیشی: ”ئێمە دەستوورمان لە عێراق هەیە و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، هەروەها بەرپرسیاریش بین بەرامبەر ئەوەی لە دەستووردا هاتووە. نابێ عێراق و کوردستان تەنیا پشت بە نەوت و گاز ببەستن، بۆ ئەوەی داهاتوویان بەرەوپێشەوە بچێت و خۆشگوزەران بێت، ئەوەش ئەوەیە کە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارمان ئەوەیە چۆن ئابووریمان فرەچەشن بکەین؟ چۆن کەرتی تەندروستی و پەروەردە پێش بخەین. بەڵام لە حکوومەتی عێراق هیچ هەوڵێک نابینین، چەندین هەوڵی نایاسایی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبینین، ئێمە باوەڕمان وایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق پێکەوە کار بکەین، یاسایەکی نەوت و غازمان هەبێت، نابێ شەڕ لەسەر سەرچاوەکان بکەین، بەڵکوو چۆنیەتیی بەڕێوەبردنیان گفتوگۆی لەسەر بکەین. ئێمە دەمانەوێ هەلی کار بڕەخسێنین، لە ئۆفیسەکەی خۆم کارمان لەگەڵ کارساز و کۆمپانیاکان کردووە لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین هەلی کار بڕەخسێنین. لە هەرێمی کوردستان چەندین گەنجی بەتوانامان هەیە، پلانمان هەیە لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین دەستیان بگرین و یارمەتیی ئەو گەنجانە بدەین. بیرۆکەم ئەوەیە کە یارمەتیی کەرتی تایبەت بدەین و ئەو فشارانە لا بدەین کە لەسەر حکوومەت و کەرتی تایبەت هەیە. بە هاندانی کەرتی تایبەت، دۆخێک دروست دەبێت کە هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێ و دەرفەتی زیاتریش بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێ.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، من پەیمانگای داهێنانی کوردستانم ڕاگەیاند، لەوێ زانا و هاووڵاتییانی داهێنەر دێن بیرۆکەکانیان نیشان دەدەن و حکوومەت یارمەتییان دەدات، ئەمە هەماهەنگییە، گرنگە کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی پێکەوە کۆ ببنەوە، دەتوانین زۆر هەلی کار بڕەخسێنین و یارمەتیی هاووڵاتییانمان بدەین، تا بزنسی خۆیان بکەن و ژیانی خۆیان پێش بخەن.”

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پرسی گاز و وزە دا و گوتی: ”گاز و وزە بووەتە پرسێکی گرنگ بۆ ئەورووپا، چەندین کێشە و هەوڵ هەبوون لەدژی ئێمە، پێویستە هەموو سەرچاوەکانمان بەکار بهێندرێن تا لە خزمەت هەموان بێت، ئێمە غازمان بۆ کارەبا و بەکاربردنی ناوخۆ پێویستە، بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز، پێویستە سەرنجمان لەسەر دابینکردنی پێویستییەکانی کوردستان بێت، پاشان سەیری بازاڕی دەرەوە بکەین. هیوادارم بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، بتوانین کاری باشتر بکەین. وەبەرهێنانی زیاتر دەبێتە هۆی توانایەکی زیاتر، هەنگاوی یەکەم بۆ حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەوەیە کە ڕێگاکە ڕۆشن بکەنەوە و فشارەکان لابدەن تا وەبەرهێنەران بتوانن وەبەرهێنان لە بوارەکاندا بکەن، ئەمە ئەوەیە کە کاری لەسەر دەکرێت. دەبێ کار لەسەر ئەمە بکرێت.”

گوتیشی: ”وەک سەرۆک وەزیران دەمەوێ وەکوو سەرۆک وەزیران کار بکەم، ئەو پێگەیەی کە ئێستا لە حزب و حکوومەت هەمە، پێویستە بە جیاوازی کاری لەسەر بکەین، بەڵام دەبێ ئەوە بڵێم کە حزبەکەم زۆر هەماهەنگ و کاریگەر بووە، سیاسەتی حزبەکەم و سەرکردایەتییەکەی زۆر ڕوونن و هەمیشە هاوکاری من بوون تاوەکوو یارمەتیی هاووڵاتییان بدەین.”

دەربارەی ڕۆڵی ئافرەت بە پێشکەشکاری پانێڵەکەی گوت: ”جەنابت یەکێکی لە سەرکردە ئافرەتەکان کە لەگەڵ چەندین سەرکردەی دیکەی ئافرەت لەم پانێڵە حزووریان هەیە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پێگەتان پارێزراوە و هیوادارم نموونەتان زۆرتر بێت. کۆمەڵگەی ئێمە تەنیا ٣٠٪ی ئافرەت نییە و ١٥٪ش ئافرەت نییە، بەڵکوو بەپێی ڕێژەی ئافرەت پێویستە ئافرەت بەشدار بێت. پێشتر کە ڕێگە بە ئافرەت نەدراوە، ئێمە کۆتامان دابەزاند بۆ ئەوەی هیچ نەبێ، ئەو پیاوسالارییەی هەبووە بەردەوام نەبێت. بەم شێوەیە ئافرەت بێتە پێشەوە، بەڵام کۆتا تا ئەو کاتە باشە کە یەکسانیی جەندەری لە کۆمەڵگەیەک بگاتە پێگەیشتن، ئەوکاتە پێویست بە کۆتا ناکات و لەوانەیە ٧٠٪ی دەسەڵات ئافرەت بێت، لەگەڵ ئەوەم توانای مرۆڤ پێگەکەی دیاری بکات، ئینجا ئەگەر ئافرەتی زۆر زۆرمان هەبێت، با ئافرەت زیاتر لە پیاو دەسەڵاتی هەبێت.”

مەسرور بارزانی سەبارەت بە ڕەوشی شنگالیش گوتی: ”ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا هەیە، هەڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە کە ڕێککەوتنەکە لەبارەی شنگال جێبەجێ نەکراوە، هەڵەی حکوومەتی فیدراڵییە کە ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێ ناکات. چەندین بابەت هەیە کە بوونەتە ئاڵنگاری بۆ حکوومەتی بەغدا، چەندین لایەنیش لە شنگال هەن کە ڕێگە بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە نادەن، پێویستە دەرفەت بدەین و چاوەڕێ بکەین بزانین ئەم حکوومەتە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، یان نا؟ شانازی بەو ڕێککەوتنە دەکەین کە هەمانە.”

گوتیشی: ”پێم وایە ئەو هاووڵاتییانەی ئاوارە بوون، لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق هەڵاتوون و لە هەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ دروست کراوە و لێرە پارێزگارییان لێ دەکرێ، بۆ ئەمە پێویستە ستایشی هەرێمی کوردستان بکەن. من دەزانم ژیانی کەمپ ئاسان نییە، لەسەر حکوومەتی بەغدایە کە یارمەتییان بدات کە بەداخەوە نایکەن. سەرەڕای ئەمانەش، حکوومەتی عێراق بودجەی لەسەر هەرێمی کوردستان بڕیوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان جێگەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی سووریا و ناوخۆی عێراقی کردووەتەوە، ئێمە هەموو شتێکمان بۆ ئاوارەکان کردووە تاوەکوو دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لەگەڵ ئەوەش هەموو شتێک لەگەڵ حکوومەتی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.”

ھەواڵی زیاتر