نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق لەبارەی قسەکانی نوێنەرەکەی لە ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ نوێنەرێکی نییە بۆ دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانی.
میدیاکانی ئێران دوێنێ چوارشەممە قسەیەکیان لە زاری جەواد شەهرستانی، زاوا و نوێنەری عەلی سیستانی لە ئێران بڵاوکردەوە کە سەرکۆنەی ناڕەزاییەکانی ئێرانی کردبوو و، گوتبووی، “ئاژاوەکانی ئەمدواییە خەڵک نین. ئەوانە کۆمەڵێک ‘لات و پووت’ن و دیار نییە لە کوێوە هاتوون و چ دوژمنێک رێنماییان دەکات.”
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو قسانە، نووسینگەی عەلی سیستانی راگەیێندراوێکی کورتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “سیستانی هیچ نوێنەرێکی بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی لەبارەی پرسە سیاسییەکان نییە و هەرچەشنە هەڵوێست وەرگرتنێکی سیاسی لە رێگەی نووسینگەکەیەوە دەبێت”.