قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر 1200 لێزه‌ردا ده‌گرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی داوا ده‌كات ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و لێزه‌رانه‌دا بگرن له‌ناو مه‌دالیا و قه‌ڵه‌م و یارییه‌ منداڵه‌كاندا هه‌یه‌ و لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیش ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ هه‌زار و  (200) دانه‌دا ده‌گرن.

له‌ نوسراوێكدا كه‌ واژۆی د. سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی له‌سه‌ره‌ و ئاراسته‌ی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كردوه‌، داوا ده‌كات؛ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تیمه‌كانتان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و لێزه‌رانه‌ بگرن له‌ناو مه‌دالیا و قه‌ڵه‌م و یارییه‌ منداڵه‌كاندا هه‌یه‌‌.

ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ لێزه‌رانه‌ ئاراسته‌ی چاوبكرێت، ده‌بێته‌ هۆی سوتاندنی سه‌نته‌ری بینیین و هه‌ندێ كاتیش ده‌بیته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی بینین.

د. سه‌باح هه‌ورامی له‌ نوسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌، له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر كه‌رمته‌رخه‌م و سه‌رپێچیكاران بگرێته‌به‌ر.

لای خۆشیه‌وه‌، د.باوان عه‌بدولڕه‌حمان، له‌ لیژنه‌ی باڵای قائیقامیه‌تی سلێمانی ئاشكرایكرد:  بۆ جێبه‌جێكردنی نوسراوه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌هه‌ڵمه‌تی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا بۆ دوكان و بازاڕ و ئه‌و شوێنانه‌ی لێزه‌ره‌كان ده‌فرۆشن، ده‌ستیان به‌سه‌ر زیاتر له هه‌زار و 200 لێزه‌ری جۆراوجۆردا گرتووه‌‌  و به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی له‌ناوده‌برێن و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر