ئیلۆن ماسک ئەرکێکی نوێ بۆ تویتەر دادەنێت و یاساکانیشی دەگۆڕێت

ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نوێی تویتەر ڕایگەیاند، ئەرکی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ئەوەیە ببێتە وردترین سەرچاوەی زانیاری لە سەرانسەری جیهان، ئەمەش مشتومڕی دروست کرد کە کێ دیاری دەکات چی هەواڵێک ڕاستە و کامەش ناڕاستە و چۆن چۆنیش تویتەر ببێت بە سەرچاوەیەکی هەواڵی جیهانی.

ماسک ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر لەدوای کڕینی تویتەر بە گرێبەستێکی 44 ملیار دۆلاری نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، یەکەم کاری؛ دەرکردنی نیوەی ستافەکە و وەرگرتنی پارە لە بەکارهێنەران بوو، ئەمەش چەند ئاماژەیەکی پێشوەختە دەدات کە چۆن دەوڵەمەندترین کەسی جیهان پلاتفۆرمەکە سەر لە نوێ دادەڕێژێتەوە.

بە پێی تویتێکی ماسک ڕۆژی یەکشەممە گووتویەتی: “تویتەر پێویستە ببێتە وردترین سەرچاوەی زانیاری لە سەرانسەری جیهاندا، ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە وای لێ بکەین”.

یەکسەر تویتەکەی دەیان هەزار وەڵام و گفتوگۆی لەبارەی چۆنیەتی گەیشتن بەم ئەرکە بەدوای خۆیدا هێنا

جاک دۆرسی دامەزرێنەری تویتەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی تویتەر پرسیاری کرد: “بەتەواوی بۆ کێ؟”

ماسک کە جگە لە تویتەر کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا و کۆمپانیای موشەکی سپەیس ئێکس بەڕێوەدەبات، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، تویتەر کاردەکات بۆ دامەزراندنی بۆردێکی هەڵسەنگاندی ناوەڕۆک کە “بۆردەکە دیدگایی فراوان و هەمەچەشنیان” هەبێت.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ماسک ڕایگەیاند، ئەو بەکارهێنەرانەی تویتەر کە خاوەن ئەکاونتی فەیک و ساختەن بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئاماژە بەوە بکەن کە یەکێکن لە “قوشمەچییەکان” بەبێ ئاگادارکردنەوە ڕووبەڕووی ڕاگرتنی هەمیشەیی دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر پلاتفۆرمەکە پێش ئەوەی لێدوان بدات هۆشدارییەکی بڵاودەکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی تویتەر بە شێوەیەکی بەرفراوان تر بەردەست دەبێت گرنگی بەوە دەدات ببێت بە ژێدەر، چیتر هیچ هۆشدارییەک بوونی نابێت.

ماسک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە مەرجێکی ڕوون دەبێت لەکاتی ناو تۆمارکردن لە تویتەر بلو، و هەر گۆڕانکارییەک لە ناوی تویتەر دەبێتە هۆی لەدەستدانی هێمانی ڤێریفایی تویتەر بۆ ماوەیەکی کاتی.

ڕۆژی شەممە، تویتەر ئەپەکەی لە فرۆشگاکانی سیستمەکان نوێکردەوە بۆ ئەوەی دەست بکات بە وەرگرتنی ٨ دۆلار بۆ ئەکاونتە نیشانە شینەکان(ئەکاونتە ڤێریفای کراوەکان)، ئەمەش هۆی ئەوەیە کە پلاتفۆرمەکە هەوڵدەدات داهاتەکەی بەرزبکاتەوە.

تویتەر ئاماژەی بەوەشکردووە، سوودەکانی خزمەتگوزاریی ئەکاونتی ڤێریفایی بریتی دەبێت لەوەی “بەکارهێنەر نیوەی ڕیکلامی بەکارهێنەرێکی ئاسایی دێتە بەردەم” و، توانای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی بە کاتی درێژ تر و کوالێتی بەرزتر دەبێت.

بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی یەکشەممەی پێشوو بڵاویکردەوە کە پلاتفۆرمەکە “یاسا تازەکان بۆ ئەکاونتی ڤێریفای” دوادەخات بۆ دوای هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەدەچێت.

ھەواڵی زیاتر