تۆ كە پارتی نییت، حەقت بەسەر پێڕەوی ناوخۆی پارتییەوە چیە؟
پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگرەی خۆی كرد و سەركەوتووانەش كۆتایی پێ ھێنا، ئەوەی چەند ڕۆژێكی پێش كۆنگرە و ھەتا ئێستاش سەرنجم دابێت، ھەندێك كەس و لایەن كە پارتی نیین خۆیان ھەڵقورتاندووەتە ناو پێڕەوی ناوخۆی حزبێك كە تایبەتە بە ژیانی سیاسیی ناوخۆی ئەو حزبە خۆیەوە، بە مانایەكی تر ئەو پێڕەوە بۆ بێجگە لە پارتییەكان خۆیان بۆ ژیانی سیاسیی ناوخۆی ھیچ حزب و ھیچ گرووپێكی سیاسی دانەنراوە.
وای بۆ دەچم ئەو جۆرە كەس و لایەنانە ھەتا ئێستا جیاوازی لەنێوان پرۆگرام واتە بەرنامەی سیاسی و پێڕەوی ناوخۆدا ناكەن و ڕەنگە ھەشبێت نەزانێت پرۆگرامی سیاسی و پێڕەوی ناوخۆ دوو بابەتی لێكتر جیان، ڕەنگە ئەوانە نەزانن كە پرۆگرامی سیاسی پارتی پەیوەندیی بە ژیانی سیاسیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و تەنانەت بارودۆخی سیاسیی نێودەوڵەتیی ئێستاوە ھەیە واتە بە دەرەوەی پارتییشەوە ھەیە، ھەر بۆیە ھەر كەس و لایەك پارتییش نەبێت، دەتوانێت باری سەرنجی خۆی لەسەر تەوەرە جیاجیاكانی ناو پرۆگرامی سیاسیی پارتی دەرببڕێت.
بەڵام پێڕەوی ناوخۆی پارتی، پەیوەندیی بە ژیانی سیاسیی ناوخۆی ئەو حزبە خۆیەوە ھەیە و پەیوەندیی بە ڕێكخستنی ژیانی حزبی و سیاسیی ھیچ كەس و لایەكی دەرەوەی پارتییەوە نیە، لەبەر ئەوە سەرم سوڕماوە كە ھەندێك كەسی دەرەوەی پارتی و ھەندێك لایەن خۆیان ھەڵدەقورتێننە ناو بابەتەكانی تایبەت بە پێڕەوی ناوخۆی پارتی، چۆن سەرم سوڕ نەمینێت كە:
1- باشە ئاخر تۆ كە پارتی نییت، حەقت چیە بەسەر ئەوەی پارتی چەند ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بۆ خۆی دادەنێت؟ خۆ ئەو حزبە بۆ خۆی دادەنێت نەك تۆ كە پارتی نییت!
2- تۆ كە پارتی نییت، حەقت چیە بەسەر ئەوەی كە پارتی چەند جێگری سەرۆك بۆ خۆی دادەنێت؟ خۆ ئەوە پەیوەندیی بە ژیانی سیاسیی ناوخۆی پارتییەوە ھەیە نەك تۆ كە پارتی نییت، ئیتر بۆچی بەمە پلەی گەرمای لەشت بەرز دەبێتەوە؟
3- تۆ كە پارتی نییت، حەقت چیە بەسەر ئەوەی پارتی چەند كارگێڕ بۆ ھەر لقێك یان ناوچەیەكی خۆی دادەنێت؟ خۆ ئەو كارگێڕانە بۆ تۆ دانانێت كە پارتی نییت، ئیتر تۆ كە پارتی نییت بۆچی بەمە ژان دەتگرێت؟
4- ھەر بەجدی تۆ كە پارتی نییت، حەقت چیە بەسەر ئەوەی كە پارتی پێڕەوێك بۆ ڕێكخستنی ناو ماڵی خۆی دادەنێت؟ حەقت چیە بەسەر ئەوەی كە پارتی لەناو ماڵی خۆیدا چی دەخوات و چی لەبەر دەكات و گوێ لە چی دەگرێت و چۆن كۆ دەبێتەوە و چۆن بڕیاری حزبییانەی خۆی دەدات؟ تۆ كە پارتی نییت لە باشترین حاڵەتدا دراوسێی پارتییت، ئنجا پێم بڵێ تۆ حەقت بەسەر دراوسێكەتەوە چیە كە ژیانی ناو خێزانی خۆیان چۆن ڕێك دەخەن؟