ئاری هه‌رسین: پارتیبوون له‌ سلێمانی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ بیت

ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، پارتیبوون له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ بیت. ده‌شڵێت: له‌دوای كۆتاییهاتنی كۆنگره‌ی پارتی، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكده‌ھێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ـی تشرینی دووه‌می 2022، ئاری هه‌رسین، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، پێویسته‌ كادرانی پارتی پاڵپشتی له‌ هه‌ڤاڵانی خۆیان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، كه‌ركووك، گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و، به‌گوته‌ی ناوبراو، “پارتیبوون له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ بیت و ئه‌وانه‌ی له‌ دهۆك و هه‌ولێرن له‌ پشته‌وه‌ بن”.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی پارتی بۆ دوای كۆتاییهاتنی كاره‌كانی كۆنگره‌ی 14 كه‌ ماوه‌ی سێ رۆژه‌ له‌ پارێزگای دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌ندامه‌كه‌ی كۆنگره‌ی پارتی گوتی: له‌دوای كۆتاییهاتنی كۆنگره‌ی 14، چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی كاری باشتر ئه‌نجامبده‌ن، په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.

ئاری هه‌رسین گوتی: له‌رێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌وه‌، بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لماندمان، له‌ناو پارتی چه‌پكه‌ڕه‌نگی به‌یه‌كداچوو هه‌یه‌، له‌ پێكهاته‌كان هه‌یه‌، له‌ سنووری هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

رۆژی (3ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری دهۆك به‌ به‌شداری نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌ندام ده‌ستی به‌كاره‌كانیكرد.

له‌ رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا به‌ تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتییه‌وه‌ به‌ جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.

كاره‌كانی رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ پێكهینانی لیژنەکانی پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، راپۆرتی سیاسی و سکاڵا و پێشنیار، كۆتاییهات كه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك له‌ 10 ئه‌ندام پێكهاتبوو.

رۆژی هه‌ینی (4ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌ دووه‌م رۆژی كۆنگره‌ی 14ی پارتیدا، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی پارتی په‌سه‌ندكرا كه‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی له‌ ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌خۆگرتبوو.

هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی رۆژی دووه‌می كۆنگره‌دا، 76 كه‌سایه‌تی له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌، وه‌ك رێزلێنان له‌ رۆڵ و خه‌باتیان، میدالیای بارزانییان پێبه‌خشرا.

ئه‌مڕۆش به‌ به‌شداری 1056 ئه‌ندامی كۆنگره‌، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ده‌ستی پێكرد، كه‌ 126 كاندید له‌سه‌ر 41 كورسی ئه‌ندامییه‌تی له‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی كێبڕكێ ده‌كه‌ن.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێشتر ناوی ئه‌جوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بوو، له‌ 51 ئه‌ندام و نۆ ئه‌ندامی یه‌ده‌گ پێكدێت و له‌ دووه‌م رۆژی كۆنگره‌دا، به‌ پشتگیری سه‌رۆك بارزانی و به‌ تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ 10 كه‌س له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی پارتی راسته‌وخۆ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردران.

پێشتریش مه‌حموود محه‌ممه‌د، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، 41 ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی به‌ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتییه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن و 10 ئه‌ندامی دیكه‌ش راسته‌وخۆ بوونه‌ته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ند.

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، عزه‌ددین به‌رواری، عه‌بدولموهه‌یمن بارزانی، ئازاد به‌رواری، كه‌مال كه‌ركووكی، هوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، زه‌عیم عه‌لی و عارف ته‌یفوور) به‌ پشتگیری سه‌رۆك بارزانی بوون به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی.

ھەواڵی زیاتر