وتەبێژی ئەردۆغان: ئەمریکا فرۆکەی ئێف16 بە تورکیا دەفرۆشێت

وتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پرۆسەی ڕەزامەندی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ بە تورکیای ئەندامی ناتۆ بە باشی بەڕێوەدەچێت و دەکرێت لە ماوەی یەک دوو مانگدا تەواو بکرێت.

تورکیا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا داواکارییەکی ئاراستەی ئەمریکا کرد بۆ کڕینی ٤٠ فڕۆکەی جەنگی لۆکهید مارتن کۆرپ ئێف ١٦ و نزیکەی ٨٠ کیتی مۆدێرن بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێستای.

کەناڵی سی ئێن ئێن تورک بە پشتبەستن بە ئیبراهیم کالین وتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی جۆ بایدن، هەوڵی دڵسۆزانە لەسەر ئەو پرسە دەدات.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا ئەمریکا فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا دەفرۆشێت، کالین وتی: “زۆر ئاسان نییە پێشبینییەکی ڕوون بکەین، بەڵام پێدەچێت ئەگەری زۆر هەبێت بۆ تەواوبوونی پرۆسەکە لە یەک دوو مانگی داهاتوودا”.

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، فیدباکێکی “ئەرێنی”ی لە دوو سیناتۆری ئەمریکی وەرگرتووە کە لە نیویۆرک چاوی پێیان کەوتووە سەبارەت بە پشتیوانییە ئەگەرییەکانیان بۆ فرۆشتنەکە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆنگرێسی ئەمریکا لە تورکیا نیگەران بووە، دوای ئەوەی ئەنقەرە سیستەمی مووشەکی بەرگری دروستکراوی ڕووسیای بەدەستهێنا، ئەمەش بووە هۆی سزاکانی ئەمریکا و دوورخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥.

ھەواڵی زیاتر