لاهور شێخ جەنگی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی (Al-Monitor)ی ئەمریكی ئەنجامداوە و ڕایگەیاند، “دەتوانم بڵێم یەكێتی بەرهەم ساڵحی لەدەستدا، بەرهەم ساڵحیش دەمێكە منی لەدەستداوە، چونكە بێدەنگ بوو لەوهەموو رووداوانەی ساڵی رابردوو روویاندا لەناو یەكیتی. تەنانەت پشتگیری بافڵ تاڵەبانی كرد و چووە لای ئەو، لەكاتێك خۆی دەزانێت من تاكە كەس بووم پشتگیریم كرد بۆ بوون بە سەرۆك كۆمار لە ساڵی ۲٠۱۸ كاتێ نیوەی یەكێتی، پارتی، ئەمریكا و قاسم سلێمانی دژی بوون”.
دەشڵێـ، “قاسم سلێمانی گوتی بەرهەم ساڵح دەكەم بە سكرتێری گشتی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانیش دەكەم بە جێگر، بەڵام من رازی نەبووم گوتم بە چ حەقێك تۆ سكرتێر و جێگر بۆ یەكێتی دادەنێیت خۆ تۆ سكرتێری ئێمە نیت، لەو قسەیە لێم نیگەران بوو”.
جەختیکردەوە کە “كێشەكانی پارتی و یەكێتی كۆنن، پێشتر دەیانگوت هەموو كێشەكان خەتای لاهور شێخ جەنگیە و ئەو هۆكارە”، بەڵام ئێستا دەركەوت كێشەكە چیە و كێن ؟ دەركەوت كێشەكان گەورەترن لە لاهور، من هۆكار نەبووم و نیم بەڵكو من بەردەوام لایەنگری چارەسەری بووم كاتی خۆی، زۆر هەڵمدەدا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بەیەكجاری و رێگای جیا جیا چارەسەر بن، بەڵام تیمێكی یەكێتی كە نزیكن لە پارتی، هەموو رێگایەكیان دژم دەگرتە بەر و پشتگیری پارتیان دەكرد، ئەو تیمە بەسەرۆكایەتی كاك قوباد بوو، كە زۆر نزیكە لەپارتی و بەردەوام كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەخستە ئەستۆی یەكێتی، كەچی ئێستا خۆی لە هەمووان ناڕازیترە و ئەگەر ئازارەكە گەیشتە خۆی و براكەی كاك بافڵ، ئێستا تێدەگات و قسە دەكات دەنا دەمێكە ئێمە ئەو رەخنە و قسانەمان كردوە.”
“كاك مسرور بارزانی، كێشەی ئەوەی لەگەڵ یەكێتی و جێگرەكەی لە حكومەت هەیە ، داهات و پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و ناگەڕێتەوە بو خەزێنەی حكومەت لە هەولێر، ئەویش دەڵێ، بەوهۆكارە ئامادە نیە پارە بنێرێتە سلێمانی و دیار نەبێت و داهاتیش نەگەڕێتەوە”.
باسی لەوەشکرد کە “كەیسی تیرۆكرنی هاوكار جاف لە هەولێر، بڵاوكردنەوەی دانێدنانەكانی یەكێتی نیگەران كرد، چونكە لە دانپێدانانەكان وادەركەوت، ئەوانەی لەو دۆسیەی تیرۆرە تێوەگلابوون، بەرپرسی باڵا دژە تیرۆر بوون، یەكێك لەوانە كەسێك بوو كە ماوەی بیست ساڵ كاری بۆمن دەكرد، ئەو كەسانە هەمان ئەوانە بوون، كەساڵی رابردوو یەكێك لە نزیكترین كەسەكانی منیان تیرۆركرد، كە موراد كانی كوردەیی بوو. و بەڵام هیچ لێكۆڵینەوەیەك نەكرا، لەكاتێك ئەو ئەفسەری پۆلس بوو تەنها لەبەر ئەوەی لە منەوە نزیك بوو، لەگەڵ سێ پاسەوانی دیكەی تیرۆر كران كاتێك ئەوان خەریكی نان خواردن بوون”.
باسی لەوەشکرد کە “ساڵی 2015 چوومە توركیا داوام لە هەدەپە كرد كە بەشداری حكومەت بكەن لەگەڵ ئاكەپە، بەهاكان فیدانم گوت من رازیان دەكەم، بەڵام داخەوە هەدەپە بەقسەی منیان نەكرد بەشداری حكومەت بكەن، بەقسەی پەكەكەیان كرد، بۆیە هەموو شتێكیان تێكدا و ئەو دۆخە دروستبوو لە باكور و ورۆژئاوای كوردستان.”
“بۆقۆناغی ئێستا كوردستانی سوریا و عێراق، واباشە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی رێككەون وئیدارە بكەن، چونكە لەرابردوو هەموو رێگایەكمان تاقیكردەوە بۆ سەربەخۆی سەركەوتوو نەبووین،. بەهۆیە توشی شەر و داگیركاری و لەدەستدانی خاكبووینەوە و دۆستەكانمان لەدەستدا.”
ڕاشیگەیاند، “پەكەكە پێگەی بەهێزە لە شنگال، چونكە ساڵی 2014 ئەوان و بەشێك لە یەپەگە بەهانای ئێزدیەكانی شنگال چوون و لەدەستی داعش پارستنیان، كاتێ هێزەكانی حكومەتی هەرێم پاشەكشەیان كرد، بۆیە ئێزدیەكان هاوسۆزن لەگەڵ پەكەكە.”
“توركیا چاوی لەوەیە بچێتە شنگال، بەڵام بەهۆی بوونی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران كە زۆر دژی توركیان، ئەوە قورسە لەم قۆناغە، توركیا هەرگیز قبوڵناكات، هەرێمێكی دیكەی كوردان دروستبێت، بۆیە باشترە كوردانی سوریا لەگەڵ حكومەتی سوریا رێككەون، تەنانەت خودی ئەمریكیەكانیش ئەوەیان پێگوتون، من ئاگادارم داوایان لێكردوون لەگەڵ سوریا ریكبكەون.”
وتیشی، “هاكان فیدان، سەرۆكی ددزگای میتی توركیا كەسێكی زۆر بەتوانا و بەهێزە، هاوڕێی قاسم سلێمانی بوو، زۆر شت لەوەوە فیربووە، بە قاسم سلێمانیش سەرسام بوو و خۆشی ئەوەی پێگووتوم، هاكان فیدان پێی گوتم: ئەگەر قاسم سلێمانی پاشخانێكی پەروەردەیی هەبوایە دەیتوانی سەركردایەتی ئێران بكات.”
لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە “ئەو خۆپیشاندانەی ئێستای ئێران زۆر جیاوازن لەگەڵ پێشتر، ئێران دەزانێت جدین، بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگ هەیە لەسەركەوتنی خۆپیشاندانەكان كە نێوخۆیی و نێودەوڵەتین، بۆیە پشتگیری كەمی هەیە خۆپیشاندانەكان و ئێرانیش هەموو كارتەكانی بەكار نەهێناوە لەدژی خۆپیشاندانەكان.”
“ئێران نارازیە لەبوونی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی لە هەرێمی كوردستان، داوایكرد یان ببرێنە كەمپێكی دیكە یان ولاتانی دیكە و هۆشداری بە حكومەتی هەرێم و عێراق داوە و كاتی بۆ دیاریكردوون.