میدیاکانی پاکستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 3-11-2022 بڵاویانکردەوە، ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان دانی بەوەدا ناوە کە ویستوویەتی بیکوژێت.
ئەمڕۆ لە میانی گردبوونەوەیەکی سیاسیدا، عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە هێرشێکدا تەقەی لە قاچی کرا و بریندار بوو، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە.
خان لە هەینی ڕابردووەوە سەرکردایەتی گردبوونەوەیەکی دەکات لە شاری لاهورەوە بۆ ئیسلام ئابادی پایتەخت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی داواکردنی هەڵبژاردنی نوێ دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی ڕابردوودا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ڕەئوف حەسەن، یاریدەدەری باڵای خان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هێرشی تیرۆریستی کراوەتە سەر خان و بریندار بووە، هەروەها یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە و یەکێکی دیکەش دەستگیرکراوە.
یاریدەدەری باڵای خان وتویەتی: چەند فیشەکێک بەر قاچی خان کەوتووە، بەڵام باری تەندروستی جێگیرە.
چەندین جار لە پاکستان هەوڵی تیرۆرکردنی سیاسەتمەداران دراوە و کراونەتە ئامانج.