ئەی ئایا خەڵكی تریش ھێڵی سووریان نییە؟

(شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکوو لای من هێڵی سوورن، قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی ئەبێت). ئەو دوو دێڕەی پێشەوە، ھی بافڵ تاڵەبانیین.

پێش ھەر شتێك، ئەم چەند دێڕەی كە دەینووسم، وەك كەس پەیوەندیی بە كەسی شێخ جەعفەر شێخ مستەفای یەكێتییەوە نییە، چونكە من وەك بنەماڵە، زیاتر لە 35 ساڵە بنەماڵەی شێخ جەعفەر دەناسم و ھەندێكیشیان برادەری كەسیی خۆم بوون و دەشزانم بنەماڵەیەكی تێكۆشەر بوون و لە زەمانی شێخ مەحموودی حەفیدەوە ھەتا ئێستا، زیاتر لە 40 شەھیدیان ھەیە، بەڵكوو پەیوەندیی بە قسەكانی شێخ جەعفەرەوە هەیە، كە لەم دواییانەدا كردنی و لەوەش زیاتر و بەدیاریكراوی، پەیوەندیی بەو دێڕەی بافڵ تاڵەبانییەوە ھەیە، كە گوایا بۆ بەرگریكردن لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و وەك خۆی دەڵێت، فەرماندەكانی دیكەی یەكێتی، كردوونی و بە ھێڵی سووری خۆی داناوە، حەقم بەسەر پارتییەوە نییە، بەڵام وەك ھاووڵاتییەكی ئەم كوردستانە دەڵێم:

1- ئەی ئایا خەڵكی دیكە ھێڵی سووریان نییە، كە ئێوە قسەی لەسەر دەكەن و دەستپێشخەریشن لە بەزاندنی ھێڵی سووری خەڵكی دیكە؟

2- ئایا خەڵكی دیكە فەرماندە و سەركردەیان نییە، كە ئێوە قسەی لەسەر دەكەن و دەستپێشخەریشن لە قسەكردن لەسەر سەركردە و فەرماندەكانی خەڵكی دیكە؟

3- ئایا خەڵكی دیكە مێژوویان نییە، كە ئێوە پەلاماری مێژوویان دەدەن و ھێرش دەكەنە سەر ئەو مێژووەیان؟
من سەرەتا ئەوەم نووسی، كە حەقم بەسەر پارتییەوە نییە و نووسییشم بنەماڵەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە زەمانی شێخ مەحموودی حەفیدەوە ھەتا ئێستا زیاتر لە 40 شەھیدیان ھەیە، بەڵام با یەكێتی خۆی شەھیدەكانی خانەوادەی بارزان، لە لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە، واتە لە ساڵی 1914ەوە ھەتا ئێستا بژمێرێت، بەو 8 ھەزار بارزانییەشەوە، كە ئەنفال كران و ھەتا ئێستاش ڕوفاتی بەشێكی زۆریان لە بیابانەكانی عێراقدا نەگەڕێنراونەتەوە كوردستان، با ھەر یەكێتی خۆی ئەم شەھیدانە حساب بكات و ھەر بۆ بیرخستنەوەی خۆیشیان، سەیرێكی ئەو ڤیدیۆیەش بكەنەوە، كە لە كاتی ھێنانەوەی ڕوفاتی نەمران (مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی)دا و لە بارزان، جەنابی مام جەلال چیی لەسەر خەباتی بارزان و بارزانییەكان گوت؟ ئەی ئایا ئەوانە مێژوو نین؟ ئایا ئەوانەش ھیچ نەبێت و لانی كەم لای پارتییەكان و خانەوادەی بەڕێزی بارزان ھێڵی سوور نین؟ كە ھێڵی سووری خۆت دەبینیت، هەق وایە ھێڵی سووری خەڵكی دیكەش ببینیت.

ھەواڵی زیاتر