جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند، هەوڵ و بەرنامەکانى سەرۆکایەتى هەرێم بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە شکستى پێهێنرا و سەرۆکى هەرێم نیگەرانە.
جەعفەر شێخ مستەفا (1-11-2022) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى وتى “ئەم سیاسەتەى ئێستاى حکومەت دۆخەکە بەرەو شەڕى ناوخۆ و لێکترازان دەبات”.
وتیشى “دۆخەکە گەیشتووەتە حاڵەتى دژایەتى و لەناو قەد یەکترى بڕینەوە، لەناو پایتەختدا هێزێک کەس کەس نازانێت کێیە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتدا دەوى ماڵى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەگرێت و هەڕەشەى لێدەکات”.
جەعفەر شێخ مستەفا دەشڵێت، سەرۆکى هەرێم مومارەسەى دەسەڵاتەکانى خۆى ناکات، ئەگەر سەرۆکى هەرێم دەستکراوە بووایە لەهیچ شوێنێک باسى ئەم کێشانە نەدەکرا کە ئێستا باسى دەکرێت.
“ئەو بەرنامەیەى لەسەرۆکایەتى هەرێم دانرا بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە هەر هەمووى شکستى پێهێنرا، دەبێت سەرۆکى هەرێمیش نیگەران بێت لەوەى بەرنامەکانى جێبەجێنەکراوە”، جەعفەر شێخ مستەفا وایوت.
لەبارەى تۆمەتبارکردنى یەکێتى بە قاچاخچێتى لەسنورەکان لەلایەن پارتییەوە، جەعفەر شێخ مستەفا وتى “قەل بە قەل دەڵێت رووت رەش بێت”.
جەعفەر شێخ مستەفا باسى لەوەشکرد، زیاتر لە 10 جار بافڵ تاڵەبانى چووەتە لاى مەسعود بارزانى و پێکەوە کۆبوونەتەوە و چەندین بەڵێنى وەرگرتووە بۆ چارەسەرى کێشەکان، بەڵام جێبەجێنەکراون.