ھەواڵێک و لێدوانێک

لۆلا دا سێلڤای براوەی ھەڵبژاردنی بەڕازیل؛ ئەمڕۆ 31ی 10ی 2022، كە بە جیاوازیێکی یەگجار کەمی دەنگەکان، لەبەرامبەر کاندیدی ڕاستڕەواکاندا؛ وەک سەرۆکی نوێ بردییەوە. دا سێلڤا سیاسییەکی ئەزمووندیدەی (چەپ)ە و خولێکی پێشووتریشی بردووەتەوە. لە وتاری بردنەوەیدا؛ ڕوون و ڕەوان گوزارشتی لە کەرتبوونی مەترسیداری کۆمەڵگاکە کرد و گوتی: ”لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە لە نەتەوەیەکی دابەشبووی وادا بژی؛ کە لە جەنگێکی ھەمیشەییدا بێ.“
دەقی لێدوانی دا سێلڤا؛ لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) وەرگیراوە.

لێدوانی من:
چەند ساڵێکە سەبارەت بە شانۆگەریی دیموکراسییانەی ھەڵبژاردن؛ گوتوومە، کە ھەڵبژاردنی کوردستان زۆر زیانبەخشە ؛چونکە لە یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستاندا لە 1992ەوە بە بەردەوامی؛ کەرت کەرت و پەرتی کردووین و دواجار لە 1994دا سەختترین و مەترسیدارترین شەڕی ناوخۆی لێ کەوتەوە. من پێم وابوو، ئەوە لێکەوتەی کۆمەڵگای بێ دەوڵەت و بێ سەروەریی وەک کوردستانە؛ کەچی ئەوە لە بەڕازیلیش؛ کە لە 1886ەوە سیستمی کۆماریی ھەیە؛ کەچی ھەڵبژاردن کەرت و پەرتی ئەکا و سەرۆکی براوەی ئەوێش لە گەرمەی جۆش و خرۆشی بردنەوەدا، ئاماژە بە مەترسیی جەنگی ھەمیشەییش ئەدا. ئایا ئەمە ھەر بەتەنیا خەوشی کۆمەڵگاکانە، یان بێ بەرھەمی دیموکراسیی کۆپیکراو و ھاوردەکراوە؛ کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگاکان و ڕەگە قووڵەکانی کولتوور و خەسڵەتە کۆمەڵایەتییە تایبەتمەندەکان لەبەرچاو ناگرێ؟ لەمەش پتر، ئەوە چ قەیرانێکە، کە ھەر لە ئەمریکاوە تا ئەوپەڕی دنیا، قسە و ڕەخنە و ھەڵوەستە لەسەر لیبڕالیزم و لیبڕالیزمی دیموکراتیک ھەیە؛ نەک لە نەیارانییەوە؛ بەڵکوو لە خودی تیۆرسینەکانی سەر بەو ڕەوتە فراوان و ئیقلیمگیرەدا ھەیە؟

ھەولێر ٣١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر