یەختێک بە 73 کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاو دەکەوێت
شەوی رابردوو یەختێک کە 73 کۆچبەری تێدابووە، لە دوورگەی ئێڤیای یۆنان ژێرئاو کەوت، تەنیا 9 کۆچبەریان رزگار کراون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە بەلەمێکی دیکە بە 12 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوتبوو.
پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، “ئەو یەختە خۆی کێشاوە بە بەردێکی گەورەی کەناری دوورگەکەدا، بەهۆیەوە ژێرئاو کەوتووە و تاوەکو ئێستا 9 کۆچبەریان رزگار کراون و گەڕان بەدوای کۆچبەرانی دیکەشدا بەردەوامە.”
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، زۆرینەی سەرنشینانی ناو ئەو یەختە خەڵکی میسر و ئەفغانستان و ئێرانن، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە کوردیان تێدایە یاخود نا.
ئەمە دووەم رووداوی ژێرئاوکەوتنە لە کەنارە ئاوییەکانی یۆنان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، دوێنێش لە باشووری دوورگەی سامۆس لە کەناراوەکانی سامیۆپولاسی یۆنان بەلەمێکی بچووک بە 12 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت، تەنیا چوار کۆچبەریان لەلایەن ماسیگرێکەوە رزگار کرابوون، هەشت کۆچبەریان بێسەروشوێنن.
رووداو