سوودانی: بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی هیچ هێڵێكی سوور ناناسین

سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی رایگه‌یاند، رێكاری خۆپارێزی بۆ به‌رگرتن له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌گرینه‌ به‌ر.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (30ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیتیحادی گوتی: “ناچینه‌ ژێر باری هیچ هێڵێكی سووره‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی”.

دوای ساڵێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی دێنه‌ رێگه‌ی كابینه‌ نوێیه‌كه‌ی سوودانیی، پرسی گه‌نده‌ڵییه‌.

عێراق له‌ كۆی 180 وڵاتدا، له‌ پله‌ی 169هه‌میندایه‌ له‌ رووی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاندووه‌.

ئه‌مڕۆ سوودانی سه‌ردانی نووسینگه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌ به‌غدا كرد و رایگه‌یاند، “له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ر دۆسییه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ لایه‌نی سیاسییه‌وه‌ یان هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه‌، هیچ هێڵێكی سوور له‌ گۆڕێدا نییه‌”.

گوتیشی: هه‌موو پشتیوانییه‌كی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌كه‌ین. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیش ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسا گه‌ڵاڵه‌ ده‌كه‌ین و ده‌یخه‌ینه‌ به‌ر ده‌ست نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاربن له‌ داخستنی سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی.

دووپاتیكرده‌وه‌، كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی تیمێكی پشتیوانیی بۆ هاوكاریكردنی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی پێكده‌هێنێت، به‌ جۆرێك ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌كه‌ و ئه‌ركه‌كانی.

هه‌روه‌ها گوتی: ئامانجه‌كه‌ له‌وه‌دا كورتهه‌ڵنایه‌ت، گه‌نده‌ڵكاران له‌ زیندان توند بكرێن، به‌ڵكو ده‌بێت رێككاری پێویست بگیرێته‌ به‌ر بۆ به‌رگرتن له‌ گه‌نده‌ڵی و چاندنی رۆشنبیری ده‌ستپاكی و پارێزگاری له‌ ماڵی گشتیی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر به‌ بێ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌رپێچی و تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌بگلێن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق گوتی: پێوه‌ری یه‌كه‌ممان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی وڵاتاندا له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وان چه‌نده‌ هاوكارن له‌گه‌ڵ عێراق بۆ راده‌ستكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی تێوه‌گلاون له‌ تاوانه‌كانی گه‌نده‌ڵی و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سامانی وڵات به‌ تاڵان.

k24

ھەواڵی زیاتر