وەزارەتی کارەبا: کارەبا دەکەین بە 24 کاتژمێری
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستمی پریپەید و کردنی کارەبا بە 24 کاتژمێری سەرکەوتوو بووە و کاردەکەن بۆ فراوانکردنی.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان (پێنجشەممە 27-10-2022) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی وت، ” پێوەری زیرەک و سیستەمی پریپەیت ھاووڵاتیان سنووردار دەکات لە بەکارھێنانی کارەبا و سەرپێچی سەر کارەبا ئاشکرادەکات، واتا ئەو وزەی بەکاری دەھێنێت بەشێوەیەکی ورد و زانستی دەیخوێنێتەوە، مافی حکوومەت و ھاوبەشانی کارەبا دیاری دەکات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سیستەمی پریپەیت پڕۆژەیەکی ئەزموونیمان لە بازاڕی لەنگەی ھەولێر دەستپێکرد، پاشان لە دھۆک دەستمان پێکرد کارەبایی ٢٤ کاتژمێری و ئاستی بەکارھێنانی کارەبا لەو شوێنانە بۆ نیوە دابەزی، ھاوبەشی کارەبا لە پێشی مانگ پارە بدات و لە کۆتایی مانگ پارە بدات وەک یەکە، لەم سیستەمەدا دەبێ وەک ڕەسید پێش وەختە سیستەم پڕبکەیتەوە و ھاوبەش دەتوانێت چاودێری بەردەوامی بەکارھێنانی کارەباکەی بکات، تاکو ئێستا سیستەمەکە زۆر سەرکەوتووە، لە سلێمانیش لە چەند شوێنێک دەستمان پێکردووە تەنھا ئەوەیە بەکارھێنانی کارەبامان سنووردار نەکردووە و پریپەیتەکەمان بۆ داناون”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، “لەو پڕۆژەی ئەزموونیەی جێبەجێمان کردووە، ھەموو زانیارییەکان لە ھەرسێ پارێزگاکە وەردەگرینەوە، لە پڕۆژەی پێوەری زیرەک و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان، خەڵکانی شارەزا شیکاری بۆ داتاکان دەکەن لە دەرئەنجامی شیکارییەکەدا دیراسە دەکرێ و کۆمەڵێ دەرئەنجامان بداتێ، واتا چۆن دەتوانین ھەنگاو بە ھەنگاو ئەم پڕۆسەیە لە ئەزموونییەوە بکەین بە سەرتاسەری، بۆیە تاکو ئێستا دەرئەنجامەکان باشی ھێناوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: “ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە، دەبێت دیراسەی ورد بکرێ تاکو بۆ سەرتاسەری سیستەمەکە پەیڕەو بکرێ، نامانەوێ ھەنگاوێ بنێن ھەڵەی تێدابکرێت و گرفتی ترمان بۆ بێتە پێشەوە، ھەروەھا ئەمە پلانێکی زانستی ئابووری دروستە، بەپێی دەرئەنجامەکان و توانای بەرھەمھێنان و شەبەکە و لایەنە تەکنکییەکان تاکو ھەنگاو بە ھەنگاو فراوانی بکەین”.
ھاوکات دەشڵێ: “کارتی پڕکردنەوەی پریپەیت لە ١٠ ھەزار دینار بۆ ١٠٠ ھەزار دینار بەردەست دەبێ، پێوەری زیرەک ھەیە لەگەڵ ئەو مۆنیتەرە بۆیان دادەندرێ کارتەکەی پێ داخل دەکەی، ئەپڵیکەیشنێکیشی بۆ دادەنێن لەسەر مۆبایلەکەت چاودێری بەکارھێنانی کارەبا دەکات، لەو شوێنانەی دامان ناوە زۆر لێ ڕازین و دووکاندارێکی بازاڕی لەنگە وتی، ٥٠ ھەزارم داخل کردووە مانگ تێپەڕی کردووە ڕەسیدی تێداماوە، ئەو ئامێرانەی پێویست نیین دەیان کوژێنینەوە، لە مانگەکانی رابردوو ٢٤ کاتژمێر نەبوو ٧٠ ھەزار دینارم بۆ ھاتووەتەوە”.