مەسرور بارزانی: هیوادارم یاسایەکی نوێی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق پەسند بکرێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوادەخوازێت دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانن لە بەغدا و هەولێر یاسایەک بنووسن بۆ نەوت و گاز کە دواتر لە پەرلەمانی عێراق پەسند بکرێت کە ئەوەش “لە خزمەتی عێراق و کوردستانیشدا بێت.”
رۆژی چوارشەممە 26-10-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز-دا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، “چاوەڕوان بووین دوای پەسندکردنی دەستوور، بەبێ جیاوازی دەستوور جێبەجێ بکرێت و دەسەڵاتدارانی بەغدا هەموو دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەمە رووینەدا و هەندێک کەس بە حەز و ویستی خۆیان تەفسیریان بۆ دەستوور کرد، لە هەندێک شوێنیش دەستووریان یان جێبەجێ نەکرد یان لە بەرژەوەندی هەندێک کەس جێبەجێ کرا کە بەداخەوە خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش سوودمەند نەبوون.”
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، “وەک دەبینین لە زۆر شوێنی تری عێراق خەڵکی عێراق لە خزمەتگوزارییە هەر سەرەتاییەکان بێبەشن، ئەمەش بەو مانایە نییە عێراق خاوەنی سامانێکی سرووشتی زۆر نییە بەپێچەوانەوە سامانێکی زۆر لە عێراق هەیە، بەڵام ئیدارەدانێکی خراپ هەبووە و پێشلکردنی دەستوور تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.”
رووداو