ئێران خۆپیشاندەران لە سێدارە دەدات

300 کەس لە خۆپیشاندانەکانی تاران دەوستگیرکراون و چواریان ئەگەری هەیە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

دادوەری تاران ئەمڕۆ دووشەممە 25-10-2022 رایگەیاند، زیاتر لە 300 کەس لەسەر ناڕەزایەتییەکانی تاران کە بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینیەوە سەریهەڵداوە، تۆمەتبارکراون و تۆمەتی چوار کەسیان بە تاوانێکە کە دەتوانێت سزای لەسێدارەدان بەسەردا بسەپێندرێت.

كۆماری ئیسلامی شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایه‌تی به‌خۆوه‌ بینی له‌سه‌ر گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی ته‌مه‌ن 22 ساڵ له‌ 16ی ئه‌یلوول، پاش ده‌ستگیركردنی له‌ لایه‌ن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە، به‌ تۆمه‌تی پێشێلكردنی یاسای توندی جلوبه‌رگی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ژنان.

توندوتیژییەکانی سەر شەقامەکان بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس کە زۆربەیان لەنێو خۆپیشاندەراندا بوون، بەڵام لەنێو هێزە ئەمنییەکانیشدا کوژراو هەن و سەدان خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

ماڵپەڕی هەواڵی میزان ئۆنلاین لە زاری عەلی ساڵحی، دادوەری تاران رایگەیاند: تۆمەتبارکردنی 315 کەس بە تۆمەتی “خۆپیشاندان و ئاژاوە دژ بە ئاسایشی وڵات”، دەرچووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” 4 کەس بە تۆمەتی ‘جەنگ دژی خودا’ تۆمەتبار کراون، تۆمەتێک کە دەتوانێت سزای لە سێدارەدانی لەسەر بێت.

ساڵحی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستگیرکراون، تۆمەتەکەیان بریندارکردنی ئەفسەرانی ئاسایش، سووتان و لەناوبەدنی موڵک و ماڵی گشتی و حکومەت بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵاتە”.

لەلایەکی دیکەوە، غوڵامحسێن موحسێنی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران ڕایگەیاند کە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندەران “پێشتر دەستی پێکردووە”.

جەختیشیكردەوە: “دادگاییكردنی ئەو كەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە بە وردی و بەپێی یاسا بەڕێوەدەچێت، ئەو كەسانەش بەپێی یاسا سزا دەدرێن”.

پێشتریش دەزگای دادوەری لە 12ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە 100 کەس لە پارێزگای تاران و پارێزگای هورموزگان بە هۆی نائارامییەکانەوە تۆمەتبار کراون.

ھەواڵی زیاتر