هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی خۆرگیرانی ئەمڕۆوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌” به‌ هیچ جۆره‌ سه‌یركردنی ڕاسته‌وخۆی خۆرگیران نه‌كه‌یت، به‌ تایبه‌ت رێگه‌ نه‌ده‌ن منداڵه‌كانتان به‌ راسته‌وخۆ ته‌ماشای خۆرگیران بكه‌ن، چونكه‌ خۆرگیران ده‌بێته‌ هۆی له‌ده‌ستدانی بینینی هه‌میشه‌یی، زیانه‌كان به‌ خێرایی ڕوده‌ده‌ن به‌بێ هه‌ستكردن به‌ هیچ ئازارێك، له‌ده‌ستدانی بینین تا دوای خۆرگیران ڕونادات، هیچ چاره‌سه‌رێك نییه‌ و منداڵان به‌ تایبه‌تی مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌، زانایان وشاره‌زان ئامۆژگاری ده‌كه‌ن كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ڕاسته‌وخۆ ته‌ماشای خۆرگیران نه‌كرێت، بینینی ڕاسته‌وخۆی خۆرگیرانی ته‌واو یان به‌شێكی ده‌بێته‌ هۆی تێكچونی هه‌میشه‌یی چاوه‌كان، زانایان پێشنیاری بینینی خۆرگیران ده‌كه‌ن به‌ به‌كارهێنانی ڕێگه‌ی ناڕاسته‌وخۆ”.

ئاماژەی بەوەشکردووە” خۆرگیران كاتێك ڕووده‌دات كه‌ مانگ له‌ نێوان خۆر و زه‌ویدا تێده‌په‌ڕێت و مانگ به‌ ته‌واوی یان به‌شێكی خۆر ته‌مومژاوی ده‌كات، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی خۆرگیرانیشدا ڕاسته‌وخۆ سه‌یری خۆر بكه‌یت مه‌ترسییه‌كی زۆری له‌سه‌ره‌، هه‌رگیز نابێت هه‌وڵ بده‌یت به‌ چاوی ڕوت چاودێری خۆرگیرانێكی ته‌واو، به‌شه‌كی یان بازنه‌یی بكه‌یت، سه‌لامه‌تترین ته‌كنیك بۆ بینینی خۆرگیران بینینی ناڕاسته‌وخۆیه‌، بۆ نمونه‌ ده‌توانیت به‌ ئاسانی وێنه‌یه‌كی خۆرگیران له‌ تیڤی یان ئۆنلاین سه‌یری په‌خشی ڕاسته‌وخۆی كه‌ناڵه‌كان بكه‌یت، چاوی منداڵان به‌ تایبه‌تی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ناسكه‌ و ڕوناكی زیاتر ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ تۆڕی چاو، ئه‌مه‌ش واده‌كات چاوی منداڵان زیاتر توشی زیان ببن به‌هۆی ڕوناكی تونده‌وه‌”.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، به‌كارهێنانی چاویلكه‌یه‌ك كه‌ به‌ چاویلكه‌ی خۆرگیران ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، زیاتر بوه‌ته‌ جێی بایه‌خ، به‌كارهێنانی سه‌لامه‌تی ئه‌م چاویلكانه‌ پشت به‌ توانای فلته‌ركردنی عه‌ده‌سه‌كان و دیزاینی چوارچێوه‌كان ده‌به‌ستێت، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه‌ عه‌ده‌سه‌كان بڕوانامه‌یان پێدراوه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ستاندارده‌ كارپێكراوه‌كاندا بگونجێت، به‌كارهێنانی نادروستی ئه‌م چاویلكانه‌ هێشتا ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی تێكچونی جددی چاوه‌كان و پێشنیار ده‌كرێت كه‌ نابێت چاویلكه‌ی خۆرگیران به‌كاربهێنرێت بۆ بینینی ڕاسته‌وخۆی خۆرگیران.

ھەواڵی زیاتر