پارێزەرانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە لێدوانێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 20-10-2022 بڵاویان کردووەتەوە ڕایانگەیاندووە، ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری ئێرانیان ڕەتدەکەنەوە کە دەڵێن : مردنی ناوبراو بەهۆی لێدانەوە نەبووە.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، سێ ڕۆژ دوای ئەوەی لە تاران لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستگیرکرا، بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جلوبەرگ بۆ ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، کەوتە کۆما و لە 16ی ئەیلولدا کۆچی دوایی کرد.
دوای سێ ڕۆژ لە مردنی، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا بە ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی ڕاگەیاندووە ژینا “تەندروستی تەواو” بووە.
ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا کە لە 7ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، مردنی ئەو کچە “بەهۆی لێدان لە سەر و جەستەی نەبووە”.
ساڵح نیکبەخت، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسەکە، بە ڕۆژنامەی ئێتەمادی وتووە: “پارێزەران لە بەیاننامەی بەرگریکردنیاندا ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەرییان ڕەتکردووەتەوە”.
ئەو دایک و باوکە داوایان کرد “دووبارە پشکنین بۆ هۆکاری مردنەکە بکرێت لەلایەن کۆمیسیۆنێکی دیکەوە بە ئامادەبوونی ئەو پزیشکانەی” کە کەسی متمانەی بنەماڵەی ئەمینین.
مانگی ڕابردوو بنەماڵەی ئەمینی سکاڵایان لەسەر پۆلیس تۆمارکرد و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد هەموو ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە بڵاوبکەنەوە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا گیراوە.
بە وتەی نیکبەخت، سەرۆکی داواکاری گشتی بەڵێنی دابوو “کە تیمێکی پزیشکی کە لەلایەن بنەماڵەکەوە دەستنیشانکرابێت لە کاتی لێکۆڵینەوەکە ئاگادار بکرێنەوە”.
بەپێی وتەی نیکبەخت، خێزانەکە داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە “پێنج پزیشکی نەشتەرگەری دەمار و پزیشکی دڵ و پزیشکی دەروونی بانگهێشت بکەن بۆ لێکۆڵینەوە کە لە لایەن دایک و باوکی ژینا ئەمینیەوە کاندیدکراون”.