کچە وەرزشوانێکی ئێرانی بەهۆی لەچکەکەیەوە داوای لێبوردن دەکات

وەرزشوانێکی ئێرانی دوای دەرکەوتنی بەبێ لەچک لە کاتی نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی شاخەوانی، داوای لێبوردنی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 18-10-2022 ئەلناز رێکابی، کچە وەرزشوانی ئێرانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، کە داوای لێبوردنی کردووە لەسەر ئەو “نیگەرانیانەی کە دروستی کردووە”. لەسەر بەشداری کردنی لە یارییەکەدا بەبێ لەچک.

رێکابی لەسەرنەکردنی لەچکەکەی بۆ ئەوە گەراندەوە کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکرا و پێش وادەی خۆی بانگهێشت کراوە بۆ یاری و یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانێتی ئاسیای وەرزشەکە لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور بەرێوەچوو.

بەهۆی لەسەر نەکردنی لەچکەوە ڕێکابی ڕۆژی دووشەممە بووبووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی جیهان و چەندین لێکدانەوەی بۆ کرا، چونکە داکەندنی لەچک بۆ ژنان لە ئێران نایاساییە و بە یاسا سزای لەسەرە.

خانمە تەمەن 33 ساڵەکە لە یارییەکە پلەی چوارەمی بەدەستهێنا و لە کاتی پێشبڕکێکەدا بەبێ ئەوەی سەری داپۆشێت بەشداری کرد و هەزاران وێنەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکرانەوە.

ھەواڵی زیاتر