ژمارەی کوژراوانی زیندانی ئێڤین بەرز بووەوە

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 17-10-2022 رایگەیاند، لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا کە لەنێو نائارامییەکانی ناو زیندانی ئێڤین لە تاراندا کەوتەوە، هەشت زیندانی گیانیان لەدەستداوە.

ئاگرەکە شەوی شەممە کەوتەوە، دوای چوار هەفتە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای رەوشتی جلوبەرگی ئێران بۆ ژنان.

شەپۆلی خۆپێشاندانەكان لە كۆماری ئیسلامیدا گۆڕاوە بۆ بزووتنەوەیەكی گەورەی دژی حكومەت، لە دوای لادانی شا لە ساڵی 1979ەوە ئەوە گەورەترین خۆپیشاندانە رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە.

ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین لە دەزگای دادوەری رایگەیاندووە، دوای ئەوەی چوار کەس لە زیندانی ئێڤین کە بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا، “کۆی ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکە و پێکدادانی نێوان زیندانییەکان تا ئێستا گەیشتووەتە هەشت کەس”.

کەسوکاری زیندانییەکان و گروپەکانی مافی مرۆڤ ترسیان لە زیندانییەکانی دیکە هەیە و ڕایانگەیاندووە دەسەڵاتداران لە دامەزراوەکەدا گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە.

زیندانی ئێڤین کە بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەناوبانگە و دەستگیرکراوی بیانیشی تێدایە.

سەدان کەس لەوانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا دەستگیرکراون، ڕەوانەی ئەوێ کراون.

ھەواڵی زیاتر