لەبارەی خەرجکردنی کرێی خوێندن ڕوونکردنەوەیەک دەدرێت

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون ڕایگەیاند، ھەر کوڕ و کچێکی شەھید دەیەوێت لە زانکۆی تایبەت درێژە بەخوێندن بدات، کرێی خوێندنی بۆ خەرج دەکرێت.  

حاکم عادل، وتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان (یەکشەممە 16-10-2022) رایگەیاندووە، “حکوومەتی ھەرێم لە رێگەی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بەردەوام دەبێت لەسەر خەرجکردنی کرێی خوێندنی بۆ کوڕ و کچی سەربەرزی شەھیدان و جینۆسایدکراوان، بۆ ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی رابردوو ھەر کوڕ و کچێکی شەھید بیەوێت بە پارە درێژە بە خوێندن بدات ئەوە لەلایەن وەزارەتەوە کرێی خوێندنی بۆ خەرج دەکرێت و لەسەر ئەرکی حکوومەت کرێی بۆ خەرج دەکرێت”.  

ئاماژەی بەوەشکردووە، “چەند مەرجێک دیاریکراون بۆ خەرجکردنی کرێی خوێندن لەوانەش دەبێت قوتابی کوڕ یان کچی شەھید بێت و مەرجەکانی خوێندن لەو زانکۆ یان پەیمانگایە بیگرێتەوە دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سنووری خۆی نووسراوی پشتگیری بۆ زانکۆکە دەکرێت و کرێکە دەکەوێتە سەر حکوومەت”.  

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ساڵانی رابردووش وەزارەت بەردەوام بووە لەسەر خەرجکردنی کرێی خوێندن و لە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی کوڕ و کچی شەھید لە زانکۆ و پەیمانگاکان لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن دەدەن و ئەمساڵ قۆناغێکی دیکەش دەچنە پاڵ ئەوانەی ساڵانی رابردوو”.  

ھەواڵی زیاتر