وەزیری پەروەردەی ئێران: خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان لە “ناوەندە دەروونییەکان”دا دەهێڵرێنەوە

وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، ئەو خوێندکارانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون، ڕەوانەی “ناوەندە دەروونییەکان” کراون.

یوسف نووری، بە ڕۆژنامەی شەرقی ئێرانی ڕاگەیاندووە، خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان لە “ناوەندە دەروونییەکان”دا دەهێڵرێنەوە نەک لە زینداندا و کاتێک “چاکسازی”یان بۆ دەکرێت، ڕێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە خوێندن.

وەزیری پەروەردەی وتی: “ئێمە هیچ خوێندکارێکمان لە زینداندا نییە، ئەگەر دەستبەسەر بکرێن، دەنێردرێن بۆ ناوەندە دەروونییەکان کە پسپۆڕان کارەکانیان تێدا ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژینگەی قوتابخانە دوای ئەوەی چاکسازییان تێدا کراوە.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە دەستبەسەر کراون، یوسف نووری وتی: زۆر نین، ناتوانم ژمارەی ورد بدەم”.

خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەییەکانی ئێران بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکومەت دەکەن کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا، پاش ئەوەی ژینا ئەمینی، کچێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ لە دەستبەسەری پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.

ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی پەرەی سەندووە و خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت.

ھەواڵی زیاتر