دەستەى مافى مرۆڤ بەدواداچوون بۆ کەیسى دوو رۆژنامەنووس دەکات
دەستەى مافى مرۆڤى هەرێم بەدواداچوون بۆ کەیسى دوو رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکە دەکات لە سلێمانى و سەنتەرى میترۆش داوا دەکات ئازاد بکرێن.
دەقى راگەیەنراوەکەیان:
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ د. مونا یاقۆ رایگەیاند شانازی بەكارەكانی سەنتەری میترۆ دەكەین و هەردولامان بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ كاردەكەین، بە هیواین بتوانین بۆردی مافەكانی مرۆڤ لەگەڵ رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ دابمەزرێنین.
ئەمرۆ مونا یاقۆ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ، فەیزوڵا محەمەد راوێژكاری دەستەی مافی مرۆڤ، هێمن عەمید عوسمان بەڕێوەبەری دیوانی دەستە، سابیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، میدیا عەبدوڵا عەلی لێپرسروای هۆبەی چاودێری بەندیخانەكان لە نوسینگەی سلێمانی سەردانی سەنتەری مترۆیان كرد.
سەردانەكەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی بەدواداچوون بوو بۆ كەیسی دوو رۆژنامەنووسەكەی تۆڕی هەواڵی بوار (سەرتیپ وەیسی ، ئیبراهیم عەلی) دیداری لەگەڵ هەردوو رۆژنامەنووسەكە لە ئاسایشی سلێمانی.
لەم سەردانەدا هەردولامان هاوراِ بووین كە كەیسی تایبەت بە بڵاوكردنەوە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت و لە رێوشوێنەكانی ئاگاداركرنەوە و دەستبەسەركردن لە تایبەتمەندی بنكەكانی پۆلیس بێت.
سەنتەری میترۆ جەختیكردەوە كە دەبێت هەموو هەوڵەكان بە ئاراستەی گۆڕینی مادەی یاسایی ئەم دوو رۆژنامەنووسە بێت بۆ یاسای رۆژنامەگەری و ئازادكردنیان بە كەفالەت.
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ د. مونا یاقۆ ووتی” شانازی بەكارەكانی سەنتەری میترۆوە دەكەین ناوبانگتان لە بواری ئازادی رۆژنامەگەری دیارە” ووتیشی” هەردولامان بۆ بەهێزكردنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ كاردەكەین و بە هیواین بتوانین بۆردی مافەكانی مرۆڤ لەگەڵ رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ دابمەزرێنین.”
هەروەها تیشكی خستە سەر ئامانجی سەردانەكەی و دیداری لەگەڵ دوو رۆژنامەنوووسە دەستگیركروەكەی بوار.