لە یۆنان تەرمی 11 کۆچبەر دۆزرانەوە

پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان رایگەیاند تائێستا تەرمی 11 کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە هەفتەی رابردوو بەلەمەکەیان نقوم بوو، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان “هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە ئەو تەرمانە هاووڵاتی کام وڵات بوون، کورد و عێراقییان تێدایە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشی زۆری کۆچبەرانی ئەو بەلەم عێراقی و ئەفغانی و ئێرانی بوون.”

رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە رایگەیاند “ژمارەیەک تەرمی دیکە لە قوربانییانی ئەو بەلەمەی لە کاژێر 2:47ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 6-10-2022 لە نزیک دوورگەی کیسیرا-ی یۆنان بە 95 کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت دۆزرانەوە، بەڵام هێشتا پۆلیسی یۆنان و دامەزراوەکانی دیکەش ناسنامەی ئەو تەرمانەیان دیاری نەکردووە.”

بەپێی پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان بەهۆی خراپی کەشوهەواوە لە ناوچەکە هەوڵەکانی پۆلیسی رووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە و هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای رزگاربوو یان تەرمی دیکە بەردەوامە.

رۆژی پێنجشەممە، 6-10-2022، لەبارەی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمەی کۆچبەرانەوە لە یۆنان، نوێنەرەکەی دەزگای لووتکە بە رووداوی گوت: “لە سەرنشینانی بەلەمەکە 80 کۆچبەریان رزگارکران، هۆکاری ژێرئاوکەوتنەکەشی ئەوەبووە بایەکی بەهێز هەڵیکردووە و شەپۆلەکانی دەریا بەتایبەت لەم کاتانەدا تەواو بەهێزن ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەلەمەکە خۆی بە بەردە گەورەکاندا بکێشێت و دواتر ژێر ئاو بکەوێت.”

بەپێی پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان، لەو 95 کۆچبەرەی سەرنشینی بەلەمەکەبوون 80یان رزگارکراون، تەرمی 11شیان دۆزراونەتەوە، یەکێک لەوانەشی کە رزگارکراوە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراوە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە تەنیا لە ساڵی 2021دا 53 هەزار کەس لە عێراق کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لەو ژمارەیەش 45یان گیانیان لەدەستداوە و 43شیان بێسەروشوێنن. 

سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵیش ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بە رووداوی گوت: “کۆچکردنی عێراقییەکان بە رێژەی 35٪ بۆ 40٪ زیادیکردووە.”

رووداو

ھەواڵی زیاتر