دوای دەستگیرکردنی بکوژانی عەقید هاوکار جاف، بکوژەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و هەموو دانپێدانانەکەیان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کراوە، بەڵام یەکێتی نایەوێ بڵاوببێتەوە و داوا دەکات دۆسیەکە بە نهێنی دابخرێت.
بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکان دانیان بەوەدا ناوە کە راسپێردراون بۆ کوشتنی هاوکار جاف کە کەسێکی نزیکی لاهور جەنگی بووە و بکوژەکانیش لەلایەن کەسانی نزیکی ماڵباتی مام جەلالەوە نێردراون.
بۆیە یەکێتی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و پارتی کردووە ئەو دانپێدانانە بڵاو نەکرێتەوە.
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا.
هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
ئەو ئەفسەرەی دژەتیرۆری یەکێتی ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بوو لە گەڕەکی سەربەستی نیشتەجێبوو، خێزاندار و باوکی 2 منداڵ بوو. هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف، بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام نزیکەی 7 مانگ بوو وازی لە کارەکەی هێنابوو.