رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ده‌رگامان به‌ رووی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانییدا كراوه‌یه‌

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، “ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د”، ڕایگه‌یاند، هه‌ولێر سووپاسگوزاری پشتیوانی ئه‌ڵمانیا و هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیی دیكه‌یه‌ و ده‌رگای به‌ ڕووی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانییدا كراوه‌یه‌.

له‌ مه‌راسیمی “ڕۆژی یه‌كبوونیی نیشتمانیی ئه‌ڵمانیا”، كه‌ له‌ لایه‌ن كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌و وڵاته‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ڕێكخرا بوو، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ نوێنه‌رایه‌تی “مه‌سرور بارزانی”، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.

له‌ وته‌كه‌یدا، “ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د” گوتی: “ئه‌مڕۆ لێره‌دا ده‌مه‌وێت پێزانینم بگه‌یه‌نمه‌ هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان، بۆ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانیان له‌ پێناو پاراستنی ئارامی ناوچه‌كه”‌.

گوتیشی: “ئه‌ڵمانیا له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی هه‌رێمه‌وه،‌ هاوكارێكی گرنگمان بووه‌. ئه‌ڵمانییه‌كان شان به‌شانی پێشمه‌رگه‌ دژی داعش شه‌ڕیان كردووه‌، ڕاهێنانیان به‌ هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ كردووه و  هاوكارییه‌كی زۆریان كردوون‌. پێزانینمان بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌یه‌”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، وه‌زیری ناوخۆ جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ “پێویسته‌ سوپاسی ئه‌ڵمانیا بكرێت، بۆ ئه‌و هاوكاریانه‌ی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران دابینی كردوون، به‌ تایبه‌تی هاوكاری كردنی قوربانیانی ده‌ستی داعش”.

ئه‌وه‌یشی گوت: “گرنگه‌ ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وامی بدات به‌ هاوكارییه‌كانی و  ئاماده‌یی ئه‌و وڵاته‌ له‌ چوارچێوه‌ی كونسوڵخانه‌ی گشتیی و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی له‌ هه‌ولێر، جێی ستایشن و سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌، گه‌شه‌پێدانی ئابووری، كولتووری و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت. هیوادارم پشتیوانی ئه‌ڵمانیا و هاوبه‌شه‌ ئه‌وروپاییه‌كانمان به‌رده‌وام بێت”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، “ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د” گوتی: “ئێمه‌ ‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا، به‌یه‌كه‌وه ده‌مانه‌وێت كار بكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ی له‌ به‌رده‌مماندا هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی باشتر بۆ خه‌ڵكی عێراق به‌ گشتیی و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت درووست بكه‌ین”.

له‌ باره‌ی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌زیری ناوخۆ گوتی: “هه‌رێمی كوردستان ده‌رگای به‌ ڕووی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانییدا كردووه‌ته‌وه، چونكه‌ به‌ بێ هاوكاری ئێوه‌ و وه‌به‌رهێنانی بیانی، خۆشگوزه‌رانی نایه‌ته‌ دی”.

جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، “ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگامان بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی تا بێن سه‌رمایه‌گوزاری خۆیان بكه‌ن”.

k24

ھەواڵی زیاتر