ئاھ براگیان لەو ژەھرەی داویانە بە سلێمان!

جەمال عەبدوڵا

بۆ بەرگریكردن لە بەرھەم ساڵحی دانراوی خەزعەلیەكان، بۆ بەرگریكردن لە بەرھەم ساڵحی سەركۆماری مێرگەپان! و سەركۆماری دوای خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017) سڵێمان عەبدوڵا یونس، وتارێكی نووسیووە، كە سەیری ئەو دێڕ و وشانەم كرد كە سڵێمان بۆ بەرگریكردن لە بەرھەم ساڵح نووسیونی، ھەستم كرد ڕەنگە خانەكانی مێشكی سڵێمان عەبدوڵا یونس، ئازاری زۆری بەركەوتبێت! لەخۆمەوە وا ناڵێم، ئەی ئەوە نەبوو ئەو كاتەی لەناو حزبەكەی سڵێمانەوە، نیوەیان ژەھریان دەرخواردی نیوەكەی تریان دەدا گوتیان: ”ژەھریشیان داوە بەم سڵێمانە؟“

خۆ ئەگەر ژەھریش نەدرابێت بە سڵێمان، ئەوا ڕەنگە سڵێمان بە شێوەیەكی تر ئازار بەر خانەكانی مێشكی كەوتبێت! بۆ نموونە لە ئەنجامی ڕشتنی زیاد لە پێویستی دەرمانی لەناوبردنی مار و مێروو بۆ كوشتنی حەشەراتی ناو باخەكەی سەركۆمار لە مێرگەپان و بەم ھۆیەشەوە سڵێمان بەشێكی زۆر لە بۆنی ئەو دەرمانەی ھەڵمژیبێت، یان نەیزانیبێت ئەو دەرمانە بگرێتەوە و بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشكی بەكاری بھێنێت، بۆیە تووشی ئەو بزڕكاندن و وڕێنەیەی كردووە كە لەو وتارەیدا پێوەی دیارە… ئەگینا:

1- ئەگەر وا نیە، سڵێمان چۆن لە وتارەكەیدا دەڵێت: ”با یەكێتی پۆستی سەركۆمار ببەخشێتە پارتی؟“ سەرنج بدەن سڵێمان لە وتارەكەیدا وشەی ”بەخشین“ی بەكار ھێناوە، واتە وەھای خستووەتە روو كە ئەو پۆستە وەك موڵك، موڵكی یەكێتییە نەك گەلی كوردستان! ئنجا لەبەر ئەوەی بەلای سڵێمانەوە پۆستی سەركۆمار موڵكی یەكێتییە و لەناو یەكێتییشدا موڵكی بەرھەم ساڵحە! ئیتر یەكێتی دەتوانێت چۆنی بوێت ئاوا تەسەڕوف لەگەڵ ئەو پۆستەدا بكات.

جا بەس نیە سڵێمان نەشیگوتووە با یەكێتی ئەو پۆستە بفرۆشێت یان بیدات بە كرێ یان رەھن؟ ئاخر خۆ ئەگەر شتێك موڵك بوو خۆ دەشتوانی بیفرۆشیت یان بیدەیت بە كرێ یان رەھن! ئەم جۆرە بیركردنەوەیە ھی سەدەكانی ناوەڕاستە كە پۆستەكانی دەوڵەت یان ئیمپراتۆرییەتەكان موڵكی شەخسی بوون، واتە ھی ئەو كاتانەیە كە ھەڵبژاردن و دیموكراسی لەئارادا نەبوون، یەعنی لێرەشدا سڵێمان عەبدوڵا یونس ھێشتا لە زەمانی لویسەكانی پێش شۆڕشی فەرەنسا، واتە پێش ساڵی 1789 دەژی! ئاھ برا گیان لە كاریگەریی ئەو ژەھرەی داویانە بە سڵێمان!

2- ئەگەر وا نیە، سڵێمان چۆن ھێرش دەكاتە سەر پەرلەمانی كوردستان و ئەو پەرلەمانە وەك ھیچ دەخاتە ڕوو؟ لە كاتێكدا سەرۆكی ئەو پەرلەمانە لە حزبەكەی سڵێمانە! ئێ خۆ ھەر ئەو پەرلەمانەش بوو كە متمانەی دا بە جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە ئەمیشیان ھەر لە حزبەكەی سڵێمانە، بەڵام چونكە بۆ كوشتنی حەشەراتی ناو باخەكەی سەركۆمار لە مێرگەپان، سڵێمان نەیزانیوە دەرمانی كوشتنی حەشەراتەكە باش بگرێتەوە و پابەند نەبووە بە ڕێنماییە پزیشكییەكان بۆ گرتنەوەی ئەو دەرمانە و بۆنی ئەو دەرمانەی زۆر ھەڵمژیوە، ئیتر ئاگای لەوە نەماوە كە ئەو پەرلەمانی كوردستانەی ئەو بە ھیچی دەزانێت، سەرۆكەكەی لە حزبەكەی خۆیەتی و جێگری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەر لەو پەرلەمانەوە متمانەی پێ دراوە بێجگە لە وەزیرەكانیشیان!

یەعنی سڵێمان و جەماعەت، قبووڵیانە سەرۆكی پەرلەمان لە حزبەكەیان بێت، قبووڵیانە جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیرەكانیان لە پەرلەمانەوە متمانە وەربگرن، بەڵام ئەگەر كاندیدی گەلی كوردستان بۆ پۆستی سەركۆمار لە ھەمان ئەو پەرلەمانەوە یەكلا بكرێتەوە، ئەمەیان نابێت! چونكە بەرھەم ساڵح لە پەرلەمانی كوردستان گەورەترە! ئاھ براگیان لە كاریگەریی ئەو ژەھرەی داویانە بە سڵێمان!

ھەواڵی زیاتر