کۆشکی سپی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئۆپێک گرت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و بایدن وتی: ئەمریکا “نائومێد” بووە و واشنتۆن هەوڵدەدات کۆنترۆڵی ڕێکخراوەکە بەسەر نرخی وزەدا کەم بکاتەوە.
جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و برایان دیز، بەڕێوبەری ئەنجومەنی ئابووریی نیشتمانی، لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند: “بایدن نائومێد بووە لەو بڕیارە كورتبینانەی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنان، لە كاتێكدا ئابووری جیهان مامەڵە لەگەڵ بەردەوامی كاریگەری نەرێنی لەشكركێشیەكانی پوتین بۆ سەر ئۆكرانیا دەكات”.
بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، ئەو بڕیارە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی لەسەر وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند دەبێت.
ئۆپێک بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند مانگێکدا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت بە رێژەی 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، سەرەڕای ئەو هەواڵانەی کە ئیدارەی بایدن لۆبی بۆ وڵاتانی کەنداو کردووە دژی ئەو هەنگاوە.
لە بەیاننامەکەی ڕۆژی چوارشەممەی کۆشکی سپیدا هاتووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە عەمبارکردنی نەوت لە یەدەگی ستراتیژی نەوت (SPR) و بایدن وەزیری وزەی ئاڕاستە کردووە کە سەیری ڕێگاکانی زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بکات لە ماوەیەکی خێرادا”.
هاوکات ئیدارەی بایدن گفتوگۆکان لەگەڵ کۆنگرێس دەکات “لەبارەی ئامراز و دەسەڵاتی زیادتر بۆ کەمکردنەوەی کۆنترۆڵی ئۆپێک بەسەر نرخی وزەدا”.
پێشتر جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا کەمتر پشت بە ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی نەوتی بیانی ببەستێت.