راگەیەندراوێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە:
ئەمڕۆ یەکشەممە 2/10/2022 تیمەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەپارێزگای سلێمانی، لەکارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەستبەکاربون.
ئەنجامدانی پڕۆژەکە دوای ئەوە دێت، پێشتر لەسەر داوای دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتی دارایی لە 22/6/2022 رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (187.828.000) سەدو هەشتاو حەوت ملیۆن و هەشتسەدو بیست و هەشت هەزار دینار دەربڕی، بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان.
ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تونێلی دەربەندیخان، لەمانگی 4ی ئەمساڵدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەڵێنیدا تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوەو لەئێستاشدا کارکردن بۆ دروستکردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بەردەوامە.
هاوکات ئەوە بۆ هاوڵاتیان روندەکەینەوە، دوای ئەوەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان نوسراویان ئاراستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کرد بۆ کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلەکە، وەک وەزارەت وەڵامیان درایەوە کە ئەگەر جدین و بەڕاستیانە با بێن کارەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدرا، بەڵام راستگۆ نەبون و نەهاتنە پێشەوەو کارەکەیان نەکردو لەسەر بەڵێنی خۆیان نەبون، تەنها نمایش و بانگەشەیەکی راگەیاندنیان بەڕێوەبرد بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەکان و لەو چوارچێوەیەشدا، بایەخی گرنگی بە سنوری دەربەندیخان و گەرمیان داوە، بەجۆرێک وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەماوەی ئەم کابینەیەدا زیاتر لە 8 جار پڕۆژەکانی سنورەکەی بەسەرکردوەتەوەو ژمارەیەک پڕۆژە لە سنورەکە جێبەجێکراون و ژمارەیەک پڕۆژەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
وەک پێشتریش بەڵێنماندابو، لەئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی رێگای ناوتاق لە دەربەندیخان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی تاوەکو دروستکردن و تەواوبونی تونێلی دوەمی دەربەندیخان وەک رێگایەکی جێگرەوە هاوڵاتیان سودی لێ ببینن.