ڤیدیۆ.. لە یارییەکی تۆپی پێدا 129 کەس کوژران

لە یاریگەیەکی تۆپی پێ لە ئیندۆنیزیا 129 کەس گیانیان لەدەستدا و 180 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی دوو یانەی رکابەر پاش تەواوبوونی یارییەکە چوونە نێو گۆڕەپانی یاریگەکە و پێکدادان لەنێوانیاندا روویدا.

شەوی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022، یاریی نێوان یانەی ئارێما و پێرسێبایا سورابایا کە دوو یانەی رکابەری سەرسەختن لە یاریگەی کانجوراهان لە شاری مالانگ بەڕێوەچوو. دوای ئەوەی یانەی ئارێما کە لە یاریگەی خۆیدا پێشوازیی لە پێرسێبایا کردبوو بە 2 گۆڵ بەرامبەر بە 3 گۆڵ یارییەکەی دۆڕاند، هاندەرانی رژانە نێو گۆڕەپانی یاریگاکە و پێکدادان لەنێوان پۆلیس و هاندەرانی هەردوولادا روویدا و بەهۆیەوە 129 کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکێکیان منداڵێکی 5 ساڵان بووە.

ئەو رووداوە بە یەکێک لە کارەساتبارترین رووداوی تۆپی پێ لە مێژوودا دادەنرێت. پۆلیس دەڵێت، هۆکاری زۆریی قوربانییەکان بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆر بووە؛ هەندێکیان بەهۆی تەنگەنەفەسی و هەندێکیشیان بەهۆی ئەوەی کەوتوونەتە ژێر پێی هاندەرانەوە گیانیان لەدەستداوە.

جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “دڵگرانی خۆم بۆ ئەو 129 کەسەی گیانیان لەدەستداوە لە یاریگەی کانجوروهان لە مالانگ نیشاندەدەم”. هاوکات داوای لە وەزیری وەرزش و گەنجانی وڵاتەکەی کردووە بە وردی لە رووداوەکە بکۆڵێتەوە و بۆ لەمەودواش پلانی پێشوەختە دابنێن لە یارییەکاندا تاوەکو رووداوی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

ھەواڵی زیاتر