شەهیدكردنی “ژینا ئەمینی” دوا روداو نابێ‌!

(ژینا ئەمینی) نەونەمامە تازەهەڵچوەكەی سەقز و كوردەواری، بەشەهیدكردنی، بووە سومبلی هەمیشە درەوشاوەی كوردستان. لەم كورتە وتارەدا تەنها بۆ شەهیدێك شین ناگێڕم. ناشمەوێ‌ ئەو زوخاوە پەنگخواردووەی دەیان ساڵە هەڵڕێژم. تەنها دەمەوێ‌ بڵێم: ژینا، روداوێكی كوت‌وپڕ سەرهەڵداوی كوردستان‌و ئێران نییە. بەڵكو تەواوی روداوەكانی ئێران (هەروەها وڵاتانی تری دەوروبەر) بە رێكەوت رونادەن. هەر لە قەیرانی ئابوریەوە، بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی، تا دەگاتە سەرهەڵدانی كێشەگەلی سیاسی.. بەڵكو دردۆنگی باری دەرونیش. لە گەرمەی جەنگی سارددا، گەلانی ئێران رژێمی شایان روخاند. بەحوكمی زۆرینەی ئیسلامی-شیعە، چەپ‌و دیموكرات‌و ئێرانچیەكان، لەهەڵبژاردن‌و لە مقاوەمەتی چەكداریدا پاشەكشەیان كرد. كۆماری ئیسلامی‌و، ویلایەتی فەقێ‌‌و، ئیمام خومەینی سەركەوتن. (42) ساڵی رەبەقە، ئەم سیستەمە فەرمانڕەوایە. لەو چوار دەهەیەدا، جیهان بە سیستەمی نوێ‌‌و پاشان جیهانگیری، گۆڕدرا. رۆژهەلاتی ناوەڕاست جۆرەها گۆڕانكاری بەخۆیەوە بینی. جەنگەكانی: عێراق-ئێران، عێراق-كوەیت، عێراق-كوردستان، كۆتاییان هات. بەهاری عەرەبی سەریهەڵداو بە توندڕەوی‌و بێئەزمونی‌و هەڵەی رابەرانی، سەركوت كرا؛ لەو روداوە سیاسییە كاریگەرتر، ئابوری‌و تەكنەلۆژیاو شۆڕشی زانیاری، سەراپا چەمكەكانی جیهانبینی‌و حوكمڕانییان گۆڕیوە! لە ئان‌و كاتێكدا، بە كلیكێك جیهان دێنێتە ناوماڵ‌و كام سەنگەری چەكداری‌و ماڵی نهێنی بەرهەڵستكارانیش قایم بێ‌، بە فڕۆكەی درۆن‌و موشەكی دوورهاوێژ، خاپور دەكرێ‌!! راستە ئێران، لەبەرامبەر فشارە دەرەكیەكان‌و كێشە‌و ناڕەزاییە ناوخۆییەكاندا، وێڕای قەیران‌و تەنگوچەڵەمەكان، خۆی راگرتووە. تەنانەت لە دانوستاندنی ئەتۆمییشدا، سورە لەسەر بڕیارەكانی‌و نەگەیشتۆتە رێكەوتن (كە پێموایە هەر دەگەنە رێكەوتن!) بەڵام.. ئێران لەو راستییە دڵنیایە، كە سەراپای وڵاتەكە لەبەردەم شەپۆلەكانی گۆڕانكاری جیهانی‌و ناڕەزایی بەرینی ناوخۆییدا، ناتوانێ‌ بێ‌ تفاوت بمێنێتەوە. ناشتوانێ‌ هەتا سەر تەنها بە زەبروزەنگ سیستەمەكەی رابگرێ‌. كێشەی دیموكراسی.. فراوانتر لە دیموكراسی دینی-مەهەبی، لەئێراندا دامانگیری وڵاتەكەیە. قەیرانی ئابوری، زۆربەی خەڵك، لەپێشەوەدا هی كرێكاران، مامۆستایان، فەرمانبەران‌و ژنان (بە ستەمكاری‌و باوكسالاری)یشەوە، تا دێت قوڵ‌و قوڵتر دەبێ‌. ژنان‌و مامۆستایان بونەتە پێشەنگی داخوازی پیشەیی‌و گۆڕانكاری. دەستوری گەلپەسەندی ئێران دوای (41) ساڵ وەكو دەستوری هەموو وڵاتانی كە قۆناغی جیاوازو گۆڕانكاری فراوانیان بەسەردا دێ‌‌و دەچنە سەردەمێكی ترەوە، پێویستی بە پیاداچونەوەو داڕشتنەوەیەتی بەپێی ئەرك‌و داخوازیەكانی سەردەم. دەركەوت، بە خەباتی چەكداری، یان تەنانەت بە گەمارۆی ئابوریش، ئێران ناڕوخێندرێ‌؛ بەڵام ئەم راستییە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە شەهیدكردنی هاوڵاتیەكی كوردی-ئێرانی، تەنها لەسەرئەوەی سەرپۆشەكەی چەند سانتیمەترێك خزاوە، هەروا بەئاسانی لەناو رای گشتی توڕەدا، دەچێتە سەر. هەربۆیە لە كۆشكی سپیەوە بۆ ماڵە هەژارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هاودەنگ بوون! سەرەنجام، رۆژهەڵاتی كوردستان دڵیان نەهات ژینا بەتەنها لەناخیاندا بنێژن.. هاوكات (5) كێلی دیكەیان لەتەنیشت كێلی ژیناوە، سەركەش راگرت‌و دەیان كەسیش بە گوڵاڵەسورەی برینیانەوە، كەژاوەی ئەم جوانەمەرگەیان رازاندەوە. ژینا، كچە نەشمیلێكی سەقزی-كوردستانی، نەناسراو بوو. كەچی روداوێك كردی بە ئەستێرەیەكی جیهانی. هۆكارەكەی تەنها گیانلەدەستدان نییە. بەڵكو زادەی ئەو دۆخە (سیاسی-ئابوری-كۆمەڵایەتی‌و دەرونی)یە كە ئێرانی پیادا تێدەپەڕێ‌. ئەگینا مەعقول نییە، ئێران لەكاتێكدا بەرگەی فشاری گەمارۆی ئەمریكا بگرێ‌، كەچی شەهیدكردنی كچە كوردێك وڵاتەكە دەهەژێنێ‌. بەتایبەتی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ورمێ‌وە بۆ كرماشان.. بەوپەڕی ئازایەتیەوە دەخرۆشێن. دەبێ‌ رەگو ریشەی ئەم كێشانە كە بە شەهیدكردنی كچێكەوە وڵاتێك رادەچڵەكێ‌، بەقوڵیی هەڵبسەنگێندرێ‌‌و دەرهەق بەم زەمان‌و زەمینە سیاسییە، لە رۆژهەڵاتی كوردستان‌و سەرانسەری ئێران، مەجلیسی شوراو حكومەت، بیر لە گونجاوترین چارەسەری سەردەمیانە بكەنەوە. ئەگینا روداوگەلی تر رێیان لێناگیرێ‌!! دڵنیام ئەم خۆپیشاندانانەی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و پشتیوانیەكەشیان لە تاران‌و شارەكانی دیكەی ئێران، دادەمركێنن. بەڵام هەروەكو جارێك لە كۆبونەوەی رەسمی لە تاراندا گوتومانە: ئەگەر كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا یەك پێشمەرگەشی نەمێنێ‌، كێشە سیاسییە چارەسەرنەكراوەكەی هەر دەمێنێ‌. هەروەها كێشە جۆراوجۆرەكانی تریش. من دڵنیا نیم بكوژی ژینا دادگایی بكرێ‌‌و سزا بدرێ‌.. بەڵام دڵنیام رەگو ریشەی ئەم كێشانە نەك بەتەنها لەئێراندا، بەڵكو لەزۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رۆچونەتە ناخی مێژوو، سەرەڕای هێزی چەكدارو تەكنەلۆژیای دووركوژ و چاودێری، ئەگەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە، سەرهەڵدەدەنەوە!!

مەلا بەختیار

ھەواڵی زیاتر