وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوول یەکەم باران لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دەستپێبکات؛ بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دهۆک، پلەکانی گەرما، ئاڕاستەی با و نزمە پاڵەپەستۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
ئومێد مەعسوم مایی، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانیی پارێزگای دھۆک لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە رۆژانی داهاتوودا گوتی: “پێشبینی دەکەین رۆژی پێنجشەممە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک یەکەم بارانی ئەمساڵ ببارێت.”
رۆژی سێشەممە 20-9-2022، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی کردووە رۆژی پێنجشەممە نمە باران ببارێت.
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: “رۆژى پێنجشەممە ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و زۆربەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى پارێزگاى دهۆک و سەنتەرى دهۆک ئەگەرى نمەبارانى پچڕ پچڕ هەیە؛ ئەم ناجێگیرییە لە کەشى ناوچەکە تاوەکو درەنگانى شەوى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.”
سەبارەت بە پلەی گەرماش، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتووە: “رۆژى هەینى نزمبوونەوەى پلەى گەرما بەردەوام دەبێت و تەواوى ناوچەکەمان نزمبوونەوەى پلەى گەرما بە خۆوە دەبینێت.”
هەرچەندە بەشێک لە هاونیشتمانییان وای لێکدەدەنەوە کە سبەی 21-09-2022 یەکەم رۆژی وەرزی پاییز بێت، بەڵام ئومێد مەعسوم مایی دەڵێت: “بەپێی فەلەکناسیی جیهانی رۆژی 23ـی ئەیلوول وەرزی پاییز دەستپێدەکات و لەم وەرزەدا پلەکانی گەرما دادەبەزێت و ئاراستەی با دەگۆڕێت و گوڕی با زیاد دەکات، هەروەها چالاکییەکانی نزمە پاڵەپەستۆکانی دەریای سپی دەستپێدەکات.”
بەپێی کەشناسیی جیهانی پاییزی ئەمساڵ رۆژی هەینی 23ـی ئەیلوولی 2022 دەستپێدەکات و رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2022 کۆتایی پێدێت، واتە 89 رۆژ دەبێت.
زۆر هەڵبەست بۆ وەزری پاییز نووسراون و زۆر گۆرانیش بۆ ئەو وەرزە گوتراون. لەوانە گۆرانیی ‘پاییز پاییز بووکی قژ زەرد’ کە لەلایەن نەجمەدین غوڵامی گوتراوە. هەروەها گۆرانیی “پاییز بوو باران نم نم دەباری’ کە لەلایەن عەدنان کەریمەوە گوتراوە. شاعیری کۆچکردووی کورد محەممەد عومەر عوسمان، هێندە سەرسام بوو بە پاییز و هێندەی شیعر بۆ ئەو وەرزە چڕیبوو، بە ‘ژەنەڕاڵی پاییز’ ناسرابوو.
ژێدەر
رووداو