سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كرد

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/9/7 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ڤيله‌ ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز ڤاريۆلا، به‌ڕێز ئه‌ندرێس ويبێرگ سه‌رۆكى نوێى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى له‌ عێراق به‌ نێچيرڤان بارزانى ناساند و تيشكى خسته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ و كار و چالاكييه‌كانى تيمى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و نيازى ئاماده‌يى و فراوانكردنى چالاكيى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ڕوون كرده‌وه‌. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها هه‌ڵوێست و هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ديدگا و ده‌ستپێشخه‌رييه‌كانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، به‌رز نرخاند.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى نوێى نێرده‌ى ڕاوێژكاريى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ عێراق، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵى هاريكارانه‌ و چالاكييه‌كانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا و دامه‌زراوه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگيى هاريكارى و يارمه‌تيدانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ بواره‌كانى ديموكراسى، مافى مرۆڤ، ئازادييه‌كان، ئازاديى ڕاده‌ربڕين و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ى ده‌كرێ بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان سوودبه‌خش بن.

نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پێشكه‌شكردنى پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى دۆخ و پرۆسه‌ى سياسيى عێراق، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌بێ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسياريه‌تيى نيشتمانى، كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر نابن، بۆيه‌ له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێ هه‌موو هێز و لايه‌ن‌ و پێكهاته‌ عێراقييه‌كان سه‌قامگيريى سياسى وه‌كى ئه‌ركى سه‌ره‌كى و له‌پێشينه‌ى خۆيان ببينن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كار بكه‌ن.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانيان، ڕه‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كان و فراوانكردنى نووسينگه‌ى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

ھەواڵی زیاتر