لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بریتین لەکۆمەڵێک زانا سەرجەمیان بەمامۆستای خۆم دەزانم و بەشانازیەوە لای بڕێکیان فەقێ بووم، هەر لەو بەڕێزانەوە فێربووم کاتێک بەلەبەرچاوگرتنی دەق و واقیع حوکمی حەرام و حەڵاڵ بۆ بابەتێک دیاری دەکرێت دەبێ بزانرێ کۆمەڵێ ئاسەوار بەدوایدا ڕوو دەدات، بۆ نموونە کاتێک لەپاش شایەت و پشتڕاستبوونەوە حوکمی فیعلی زینا بەسەر پیاوێکدا دەدرێت بەواتای کارێکی حەرامی ئەنجامداوەو پێویستە بزانین لەبەرئەنجامی ئەو جووتبوونە منداڵێک هاتە ئاراوە ئەو منداڵە نە نەسەب نە میرات لەو پیاوە وەرناگرێ! واتە لەدادگای شەرعی باری کەسی بەجۆرێکی تر مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکرێت.
ئەدی ئەگەر بەپێچەوانەوە حوکمی شەرعیبوونی پەیوەندیەکەیان بدەین و بڵێین خێزانی شەرعی خۆیەتی؟ ڕێک پێچەوانە دەبێتەوە، بەچی وایلێهات؟ خۆ هەمان جووتبوونە! لەبەر ئەوەی ئەو عەقدەی نێوان ئەو ژن و پیاوە سەرجەم مەرجەکانی ئیجاب و قەبول و مارەیی و دوو شایەت و بوونی وەلی ئەمری کچەکەی تێدایەو پێچەوانەی موتعە ئەم زەواجە تاهەتاییە، کەچی لەزیناکەدا ئەو بنەمایانە بوونی نیە.
بابەتی زەواجی میسیاریش کاتێک کەسێک دێتە سەر شاشەو نابەرپرسانە بەناوی دینەوە بەسەر فەرموودەو قسەی زانایان و کتێب و زانستدا بازدەدات و بەڕەهایی دەڵێت حەرامە، ئەوکات واجبە لەسەر شانی مامۆستایان لەڕووەزانستیەکەوە ئەم بابەتە ڕوون بکەنەوەو بڵێن ڕاستە لەوانەیە زۆرجار بەخراپ یاخود بەنەزانی بەکار بهێنرێ، بەڵام مادەم سەرجەم بنەماو مەرجەکانی زەواجی شەرعی لە عەقدی زەواجی میسیاردا بوونی هەیە ناتوانین بڵێین حەرامە چونکە ئەگەر وابڵێین ئەو ئاسەوارانەی باسمانکرد دێتە ئاراوە کە لەبنەڕەتدا ئەو عەقدەی کراوە لەڕووی بنەماکانی عەقدی شەرعی هیچ کێشەیەکی تێدا نیە، کەوابوو کاتێک دەڵێین ئاساییە لەوڕووەوە نا دەرگا بکرێتەوە باش و خراپ بێتە سەرسفرە بەڵکوو لەوڕووەوە ئەگەر جووتبوون ڕوویدا بەزینا هەژمارناکرێت یاخود ئەگەر منداڵێک لەدایک بوو ئەو پیاوە باوکی شەرعی ئەو منداڵەیەو لەدادگاش حیسابی عەقدی شەرعی بۆ دەکات.
ئەمما بێین بڵێن بۆ کوردستان باشە یان خراپ ئەمەیان بەهیچ جۆرێک من باسم لێوەی نەکردووە بەڵکوو ئەگەر ڕای من وەرگرن ئەم جۆرە لەزەواجە باشە یان خراپ هەمان بۆچوونی بەڕێزانی لیژنەی فەتوا دەڵێمەوە چونکە بابەتەکە بەکۆمەڵگەو نەریتی میللەتی ئێمە نامۆیەو خەڵکیش جارێ نەگەیشتووە بەو ئاستە بتوانێت قبوڵی بڕێک بابەتی شەرعی بکات ئەگەرچی پێچەوانەی دابونەریتیش بێت، جگە لەوە ئەم باسکردنی جۆرە لەزەواج لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا هەڵەیە چونکە پێویستمان نیەو ئەسڵەن نەبووە بەحاڵەتیش تا بگات بەدیاردە،
لەکۆتاییدا دەڵێم ئەم جۆرە لەزەواج بەگشتی زەواجێکی درووستەو بۆ هەندێ حاڵەتی دیاریکراو ئاساییە جا لێرە بێت یان لەدەرەوەی وڵات، جیاوازی نیەو گەردەنی هەرکەسێکیش ئازادبێ جنێوی پێداوم یاخود تەشهیری پێکردووم.
د.ئەحمەد کەرکوکی