کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا. بەگوێرەی ئامارەکانیش لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 28 کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە.
رێکخرای مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند: “دوێنێ 26/8/2022، لە سنووری بروشکانی سەر بە شارۆچکە بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی رێبوار رەشیدی تەمەن 30 ساڵ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە، ناوبراو خەڵکی گوندی قولیاوای بانە بووە و باوکی دوو منداڵ بووە و هاوسەرەکەشی دووگیانە”.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی 35 رۆژدا ئەمە پێنجەم کۆڵبەرە لە ناوچەی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بکوژرێت.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە کوردستان24ی راگەیاند: “لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو 28 کۆڵبەر و کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان گیانیان لەدەستداوە، لەنێوایاندا 15 کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێراقن کوژراون و 208 کەسی دیکەش برینداربوونە”.
گوتیشی: “زۆربەی قوربانییەکان لە سنووری شارۆچکەکانی پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان و بانەی سەر بە پارێزگای سنە بوونە”.
سەبارەت بە ئامارەکانی ساڵی رابردووی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، ئەرسەلان یار ئەحمەدی گوتی: “ساڵی 2021 لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 52 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە و 163 کەسی دیکەشیان برینداربوونە”.
k24