ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، باسکردنە لە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئابی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە گگفتوگیان لەسەر دەکرێت:
1-خسـتنەڕووی دەرئەنجــامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 23ی تەمموزی 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
2-خستنەڕووی پوختەی سەردانی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا.
3-خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی سەربازی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
4-خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە.
5-خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاریی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان.
6-خستنەڕووی چەند پێشنیازێکی تایبەت بە جێبەجێكردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2022.