یەختێک نقووم بوو کە زۆرینەی سەرنشینەکانی کوردن

ئه‌مڕۆ 11/8/2022، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوێنێ چوارشەممە یەختێك به‌ 93 سه‌رنشینه‌وه‌ تێکشکاوە، هۆیەکەشی شەپۆلی دەریا و خراپی یەختەکە بووە”.

گوتیشی، “یەختەکە لە باشووری دوورگەی رۆدووس تووشی ئەو رووداوە بووە و 93 سەرنشینی تێدا بووە کە کورد، ئەفغانی و ئێرانی بوون و له‌وانه‌ سێ بەشیان کوردن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “29 کەس رزگار کراون و 27یان گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کۆس، دوو کەسی دیکە گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی کارپاسۆس، کە تۆمەتبارن بەوەی قاچاخچین.”

لەبارەی سەرنشینەکانی دیکەوە بەکر عەلی ئەوەی خستەڕوو، “64 سەرنشین بێسەروشوێنن و هێزی دەریاوانیی یۆنان و تورکیا بەدوایاندا دەگەڕێن، بەڵام تائێستا هیچیان نەدۆزیوەتەوە.”

یەختەکە لە دوورگەیەکی تورکیا سەرنشینەکانی هەڵگرتووە و ئەوانەی رزگار کراون سەرجەمیان پیاون. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت، “کوردەکانی نێو یەختەکە هەموویان خەڵکی باشووری کوردستانن و بەشێکیان خەڵکی سنووری راپەڕینن، بە دیاریکراوی خەڵکی سنووری حاجیاوان کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.”

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر