حیزبەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

رۆژی چوارشەممە 10ی ئەم مانگە، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، کەسی یەکەمی بەشێکی زۆر لە حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 8-8-2022 بە رووداوی راگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و رۆژی چوارشەممە 10ی مانگ کۆبوونەوەکە دەکرێت.

فەوزی هەریری گوتیشی، کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی بەشێکی زۆری حیزبەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

نێچیرڤان بارزانی 3ـی ئەم مانگە لە گوتارێکدا داوای لەلایەنەکان کرد لەسەر پرسی هەڵبژاردن رێکبکەون تاوەکو چیدیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوانەخرێت.

ھەواڵی زیاتر