وەیسی سەعید باوەڕی وایە کە بە پشتبەستن بە یاسای چاکسازی، دەبێت شاسوار عەبدولواحید پەلکێشی بەردەم دادگا بکرێت، چونکە بە وتەی ئەو قەرزارێكی زۆری حکوومەت و خەڵکی لەلایە.
وەیسی سەعید پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی پارتی و بە باڵکێشی وت «خەڵکی کوردستان زۆر لەوە وشیارترن دوای بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید بکەون، ئەو دەیەوێت بە دروستکردنی ئاڵۆزیی چاوەکان لەسەر عێراق نەمێنێت و بخرێنە سەر کوردستان.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: نە هاونیشتمانیان و نە دامودەزگاکانی حکوومەت رێگە بە دروستبوونی ئاژاوە و دوبەرەکی نادەن، ئەوان دەمێکە لە فێل و پیلانە مەترسیدارەکانی شاسوار تێگەیشتوون.
لەبارەی قەرزەکانی حکومەتیش لای شاسوار، وەیسی سەعید باوەڕی وایە کە دەبوو بە پێی یاسای چاکسازی کە پەسەند کراوە، شاسوار عەبدولواحید پەلکێشی بەردەم دادگا بکرایە، بۆ ئەوەی ئەو قەرزەی لایەتی و موڵکی گشتییە بیگەڕێنێتەوە.