شەریف عەلی باپیر بۆ شاسوار: بابم بەدزییەوە کامێرە بۆ ژنە پەرلەمانتارەکانی دانانێت

باڵکێش: هەولێر

دوای ئەوەی شەریف عەلی باپیر کوڕی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لە فەیسبووکەوە ڕەخنەی لە بانگەشەکەی شاسوار عەبدولواحید گرت بۆ خۆپیشاندان، پەیج و پەڕەکانی سۆشیاڵمیدیای نەوەی نوێ هێرشی تووندیان کردە سەر عەلی باپیر و کوڕەکەی.

پێشتر شەریف لە فەیسبووکی خۆیەوە نووسیبووی: ئەوەی دەکرێت خۆنیشاندانە، نەک خۆپیشاندان’،
لەبەرامبەریشدا لە بەرەی شاسوار عەبدولواحیدەوە هێرش کرایە سەر خودی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەر و حزبەکەی. ئەوان بە شەریفیان وت «مامۆستا عەلی باپیری باوکت بەردەوام لە هەولێری پایتەختە و مەگەر بۆ ژنان بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، فەرموو کێ دەستی گرتوون، ئێوە لە هەولێر خۆپیشاندان بکەن، ئەگەر ناوێرن و پێتان ناکرێت، ئەوا بۆڵە بۆڵ مەکەن و بۆ خۆ دەرخستن و خۆ کردنە بابەت خەڵک سارد مەکەنەوە».

لەسەر ئەم هێرشە پێچەوانەیەی نەوەی نوێ، شەریف عەلی باپیر بە (باڵکێش)ی راگەیاند «هەرچەندە وتەبێژ و نوێنەری مامۆستا عەلی باپیر نیم، بەڵام باوکم خەڵک چەواشە ناکات و فریویان نادات و بۆ ئامانج و مەرامی تایبەتی خۆی بەکاریان ناهێنێت، هەروەها بەدزییەوە کامێرا بۆ ژنە پەرلەمانتارەکانی دانانێت و لە دژیان بەکاری بهێنێت، باوکم پارەی خەڵک ناخوات’.

ئەو وتیشی «ناکرێت خەڵکی رەش و رووت بهێنیتە سەر شەقام و بە لێدانیان بدەیت، کەچی لە بەغداش بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بکەیت، ئەگەر لە هەولێر خۆپیشاندانتان نەکرد، کەواتە ئەوەی دەیکەن تەنیا خۆنیشاندانە نەک خۆپیشاندان».

ھەواڵی زیاتر