ئەیمەن زەواھیری چۆن کوژرا؟

میدیاكانی ئەمریكا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەیانەوە ئاشكرایان كرد، ئەیمەن زەواهیری، سەرۆكی ڕێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، خۆی هاوكار بووە لەوەی بكرێتە ئامانج.

ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە، زەواهیری چەند ساڵێك بزر بوو، بەڵام لە ئەنجامی كاركردنی ورد و چڕ لە لایەن تیمەكانی تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری، شوێنەكەی ئاشكرا كراوە.

هەمان ئاژانس لە زاری بەرپرسێكی دیكەوە بڵاوی كردۆتەوە كە زەواهیری بە فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی سەر بە هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكییەوە كوژراوە. ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە ڕێگەی خێزانەكەیەوە، چاودێریی ئەیمەن زەواهیری كراوە.

هاوكات رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ)ی ئەمریكی ئاشكرای كردووە كە ئەیمەن زەواهیری ڕۆژانە لەسەر بەلەكۆنەی ماڵەكەی وەستاوە، ئەمەش هاوكاریی هەواڵگریی ئەمریكای كردووە لە ناسینەوە و دواتر بە ئامانجگرتنی.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (رۆیتەرز)، دوای ئەوەی ئەمریكا ئەفغانستانی جێهێشت، زانیاریی ئەوەیان پێ گەیشتووە كە خێزانەكەی زەواهیری (ژن و كچەكەی و منداڵەكانی) بۆ ماڵێكی پارێزراو لە كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان گوێزراونەتەوە، دواتر بۆیان دەركەوتووە كە ئەیمەن زەواهیریش لە هەمان ماڵدایە.

باسیش لەوە دەكرێ كە لە مانگی چواری رابردووەوە، بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریكا لە زانیارییەكان ئاگادار كراونەتەوە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، خودی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەی لێ ئاگادار كردۆتەوە.

رۆیتەرز لە زاری بەرپرسە ئەمریكییەكەوە دەڵێت: ”بەردەوام وەستانی ئەیمەن زەواهیری لەسەر بەلەكۆنەی ماڵەكەی، ڕێگەی بە ئەمریكا دا چاودێری بكات و لە ناسنامەكەی دڵنیا ببێتەوە“. ئەوەشی دركاندووە كە ئەو وەستانەی لەسەر بەلەكۆنەكە، بووەتە هۆی كوژرانی و لە هەمان شوێندا كراوەتە ئامانج، پێشتریش لەوە دڵنیابوونەتەوە كە كەسانی سڤیل و خانەوادەكەی زەواهیری زیانیان بەرنەكەوێت.

لە لایەكی دیكەوە، ماڵپەڕی (حوڕە)ی ئەمریكی بڵاوی كردۆتەوە، پێش ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمریكا، ژمارەیەك لە گەورە پارێزەرانی ئەمریكا بە وردی خوێندنەوەیان بۆ راپۆرتە هەواڵگرییەكان كردووە و دواتر كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە ئەیمەن زەواهیری بەهۆی ئەوەی سەركردایەتیی ڕێكخراوی قاعیدە دەكات، ”یاسا ڕێگە بە ئەمریكا دەدات بیكاتە ئامانج“.

باسیش لەوە دەكرێت، جۆ بایدن بە مەرجێك ڕێگەی بە ئەنجامدانی هێرشەكە داوە، كە ئۆپەراسیۆنەكە كەمترین زیانی بۆ كەسانی سڤیل هەبێت.

ڕۆژی 30ی تەمووز، كاتژمێر 9:48 خولەك بە كاتی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پلانەكە لە ڕێگە مووشەكێكی جۆری (هیلفایەر) كە بە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە بەسترابوو، ئەنجام درا.

لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، حكوومەتی ئەفغانستان رای گەیاندووە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشێكی ئاسمانی كردۆتە سەر ماڵێك لە شاری كابول كە ئەوەی بە پێشێلكارییەكی ڕوونی بنەما نێودەوڵەتییەكان و ڕێككەوتننامەكان وەسف كردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە نزیكەی ساڵێكە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان كشاوەتەوە پاش ئەوەی لە ساڵی 2001ەوە و لە ئەنجامی رووداوەكانی 11ی سێپتێمبەرەوە، هێزەكانی لەو وڵاتە جێگیر كردبوو.

ئەو ماڵەی زەواهیری تێدا كوژرا: 

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر