پلەبەندیی خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، كە لە هەرێمی كوردستانیش ئێستا جێبەجێ دەكرێت، هەمووار دەكرێتەوە. بەرپرسانی حكوومی و لیژنەی دارایی لەبارەی هەمووارەكەوە روونكردنەوە و زانیاریی دەدەن.
حەمید ئەلغزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “هەمواركردنەوەی یاسای پلەبەندیی مووچە لە كاری پێشینەی حكوومەتدا بووە و ئێستاش نێردراوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندكردنی”.
پلەبەندیی مووچە، خشتەیەكی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانە، كە لە پلە 10 بۆ پلە 1 دەست پێدەكات، كە بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت پلەكە جیاواز دەبێت و بەپێی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە دەگۆڕێت.
لای خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی له پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پڕۆژەی هەموواری پلەبەندی، یان خشتەی نوێی مووچەی فەرمانبەران، كە لەخوارەوە لە پلە 10 بۆ پلە 1 دەبێت، یەکسانیی لەنێوان مووچەی وەزارەتەکانی حکوومەتدا دێنیتە کایەوە، بۆ نموونە، فەرانبەرێك كە ناونیشانی ئەندازیارە لە وەزارەتی نەوت، دوو بەرامبەر مووچەی زیاترە لە فەرمانبەرێكی هاوشێوەی خۆی لە وەزارەتی كارەبا، لە زۆر وەزارەتی دیكەیش هەیە، پڕۆژەكە بۆ ئەوەیە ئەو نایەكسانییە نەمێنێت”.
باسی لەوەش كرد، هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكە دەكەن و دوای سەرنجەكان، كاری لەسەر دەكرێ و دواتر هەموار دەكرێتەوە. گوتیشی: “هەموارەكە چەندین سوودی دەبێت، وەکوو بەدیهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچە و ئاسانکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەکاندا، ئەوە جگەلەوەی سوودی ئابوورییشی هەیە”.
هەیسەم جبووری، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمبارەوە رایگەیاند: “پلەبەندیی نوێی مووچە بۆ ئەوەیە، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت”.
ئەو بەرپرسەی حكوومەتی عێراقی ڕوونیشی كردەوە: “زۆر دەنگۆ لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەبە، بەڵام ئەم پلەبەندییە جیاوازییەكی كەمی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەری جیاكردنەوەی كارمەندێك و فەرمانبەرێكی دیكە هەیە و یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ سەقامگیریی كار لەنێوان سەرجەم فەرمانبەراندا”.
لای خۆشیەوە، یاسین عەبدلواحید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەو یاسایەی كە بۆ پلەبەندیی مووچە هەیە، یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2008 لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت”.
سەبارەت بەوەی، ئەگەر هەمواری پڕۆژەكە پەسند بكرێت، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەو گوتی: “یاسای مووچە ئیتیحادییە، دەبێت هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام جارێ نازنین هەموار و گۆڕانكارییەكە چۆن دەبێت”.
باس نیوز