دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ(١٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان:
بەڕێزان/ رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..
بە بۆنەی (١٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان.
ئێمە لە کاتێکدا ئەویادەتان پیرۆز دەکەین، رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
لەو دەرفەتەدا هیوادارین بە هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانەتر هەوڵ بدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی سیاسی و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی رۆشن و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان و گەلە خۆڕاگرەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت و، هەر سەکەوتوو بن..
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان
٢٥ـی٧ـی٢٠٢٢