گرووپێکی تیرۆریستی دەستگیرکران کە ویستوویانە تەقینەوە لە هەولێر بکەن

ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، شکست بە پیلانی دووگروپی تیرۆریستی دەهێنن .
ئەندامانی ئەو دوو گروپەش دەستگیردەکرێن کە مەرامیان بوو کردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجام بدەن و پیلانی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتیەکیشیان داڕشتبوو .

بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان پیلانیان دانابوو ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان بکەنە ئامانجی کردەوەکانیان.

بەپشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگیرییەکان ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی دروست و پشتراستکراوەی دەستکەوت لە سەر هەردوو گروپە تیرۆریستیەکە لە ھەرێمی کوردستان کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێرکاریگەری فکری تیرۆریستی داعش و بە دوو ئاڕاستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەکانیان جێبەجێبکەن .

پاش لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد، سەرەداو ئاشکرابوو ، شوێن و جێگاو جوڵەی تۆمەتباران دەستنیشانکران و خرانە ژێرچاودێری وردەوە .
دوای رەزامەندی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بەبڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵمەتێکی سەرکەوتووی جیاجیادا ژمارەیەک تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد کە پیلانیان ھەبوو دوای جێبەجێکردنی مەرامەکانیان ھەڵبێن و پەیوەندی بەچەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە بکەن .

دانپێدانانی تیرۆریستان …

یەکەم ………
تیرۆریست ( ع ، ح ) تەمەن ٢٨ ساڵ دانیشتووی قەزای خەبات ھەولێر و خێزاندارە خاوەنی دوومنداڵە ، لەرێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە لەخشتەدەبرێت و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە دەکات و پیلان دادەنێت چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەچەند شوێنێکی ھەولێر ئەنجام بدات بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لەرۆژی ١ ی ٦ ی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار …… ١

دووھەم …………..
تیرۆریست ( ئ ، ئ ) تەمەن ٢٣ ساڵ دانیشتووی پارێزگای ھەڵەبجە لەساڵی ٢٠١٩ بەیعەت بە تیرۆریستانی داعش دەدات و لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێکەوە دەکات . دوای ئەوەی پیلان دادەنێن پەیوەندی بەچەکدارانی داعشەوە بکەن و ھەڵبێن ٢ ی ٧ ی ٢٠٢٢ لە سنوری ھەڵەبجە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار …… ٢

سێھەم …………
تیرۆریست ( غ ، س ) تەمەن ٢٣ سێ ساڵ دانیشتووی ئاکرێ لەساڵی ٢٠٢٠ بەھەمان شێوە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەوێتەژێر کاریگەری بیری توندڕەوی و بانگەشە بۆ داعش دەکات دواتر پەیوەندی لەگەڵ چەند تیرۆریستێکی تر لەشارەکانی ھەرێم دەبەستێت و داوای لێدەکرێت بێتە سلێمانی و نزیکەی ٩ مانگ لەیەکێک لە ھۆتێلەکان دەمێنێتەوە و سەرباری کارکردنیی ، بەردەوام لەھەوڵی فراوانکردنی گروپەکەیان دەبن و لەگەڵ چەند ھاوەڵێکی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە بکەن .
بەڵام ٨ ی ٧ ی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار …… ٣

چوارەم …………..
تیرۆریست ( س ، ت ) تەمەن ٢١ ساڵ دانیشتووی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٠ لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریودەدرێت و فکری داعش وەردەگرێت ، دواتر لە سۆشیالمیدیا چەند تیرۆریستێکی تر دەناسێت و پەیوەندییەکانیان رێکدەخەنەوە و مەرامیان بوو پەیوەندی بەچەکدارانی داعشەوە بکەن . بەڵام پێش جێبەجێکردنی پیلانەکەیان
١٠ ی ٧ ی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیرکرا .
دانپێدانانی تۆمەتبار …… ٤

پێنجەم …………..
تیرۆریست ( ز ، م ) تەمەن ٢٠ ساڵ دانیشتووی سلێمانی لەساڵی ٢٠١٩ لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری فکری توندڕەوی داعش و پەیوەندی بەچەند تیرۆریستێکی ترەوە دەکات و دوای چەندین کۆبوونەوە پیلان دادەنێن ھەڵبێن و پەیوەندی بەچەکدارانی داعشەوە بکەن بەڵام لە ١٥ ی ٧ ی ٢٠٢٢ دەستگیردەکرێت .

ھەر پەیوەست بە ھەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و ئارامی خەڵک لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین تیرۆریستی ھەرەتاوانبار دەستگیرکراون و رووبەڕووی یاساکراونەتەوە و لەبەرسەلامەتی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی زانیارییەکان بەنھێنی ھێڵرانەوە .

ئێمە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی وەک ھەمیشە سوپاسی بێپایانمان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەردەبڕین کە ھاوکارو پشتیوانی سەرخستنی کارەکانمانن و لەخەمی ئارامی ھەرێم دان کەئەمە سوورترمان دەکات پەرۆشتربین بۆ زیاتر راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانمان و بێ پشوو لە پێناو ژیانی خەڵک و ئۆقرەیی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان کاربکەین و تۆمەتبار و ھەڵھاتوان لە یاساو سەرپێچیکاران و ھەموو ئەوانەی دادگا داوایاندەکات راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادەوەری بکەین .


ئەوەی جێگای ھەڵوەستەی جددی و تێڕامانە لەئێستادا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا یەکێکن لەھۆکارەسەرەکییەکانی لەخشتەبردنی گەنجانی ھەرێمی کوردستان و وەک سەکۆیەک بەکاردەھێنرێن بۆ بانگەشەکردنی فکری توندڕەوی داعش و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان کە ئێمە لە پەرۆشیمانەوە بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیەو و پارێزگاریکردن لە ژیانی گەنجان و پاراستنی داھاتوویان کە براو کوڕو کەسوکاری ئێمەن و سەرمایەیەکی گرنگی ھەرێمەکەشمانن ، داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی ، پەروەردەکاران ، توێژەرانی کۆمەڵایەتی ، دەروونی ،راگەیاندنکار و رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی بەڕێزدەکەین لەسەر ئەم پرسە کە پەیوەندی بە تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەمانەوە ھەیە ئامادەییان ھەبێت لە ھۆشیارکردنەوەو ھاوکاربن بۆ بنبڕکردنی فکری توندڕەوی کەلەپاڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیانەوێت مەرامەکانیان جێبەجێ بکەن چونکە ئاینی ئیسلام بێبەرییە لەتیرۆر و ترس و تۆقاندن و ئاینێکە بۆ پێکەوەژیان و برایەتی و چاکەکاری .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی .
٢٣ ی ٧ ی

٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر