لەدوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی ناوەندی و بەڕێوەچوونی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، لەنێوان هەردوولادا، بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسیە ئەمنیانەی، کە کەوتۆتە ناوچە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا،
کاتژمێر ٠٧٠٠ ی بەرەبەیانی ١٩ی تەمووزی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی ناوەندی، لە ناوچەی چیای قەرەچوغ دەستی پێ کرد، ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی دوو رۆژی خایاند و ئەمڕۆ ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، کۆتایی پێهات.
ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاککردنەوە و کێوماڵ کردنی تەواوەتی بەشی رۆژئاوا و باشوری رۆژئاوای زنجیرە چیای قەرەچوغ بوو لە تیرۆریستان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هێزەکانی پێشمەرگە لیواکانی پیادە و هێزەکانی زێرەڤانی و بەشێک لە هێزەکانی دژەتیرۆر، لە هێزە ئەمنیەکانی عێراقیش فیرقەکانی ١٤ و ١٦ و یەکەیەکی دژەتیرۆری عێراقی، بەشدارییان تێدا کرد.
ئۆپەراسیۆنەکە بە دوو قۆناغ بەڕێوەچوو، قۆناغی یەکەم، لە باشوری رۆژئاواوە لە دەشتاییەکانەوە بەرەو زنجیرە چیای قەرەچوغ، لەرۆژی یەکەمدا ئەم پرۆسەیە ئەنجام درا و تیایدا بەتەواوەتی هێزەکان گەیشتنە شوێنەکانی خۆیان و ئامانج لێی کێوماڵ کردن و رێگری کردن بوو لەو تیرۆریستانەی، کە دەیان ویست لە ناوچە چیاییەکاندا، لە کاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی دووەمدا دەربازییان بێت.
قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە، بەهەمان شێوە هێزێکی تایبەتی زێرەڤانی و هێزێکی دژە تیرۆری عێراقی، لەسەر زنجیرە چیای قەرەچوغ بەرەو باشور و باشوری رۆژئاوای زنجیرە چیای قەرەچوغ، کێوماڵی ناوچەکەیان کرد.
لەهەردووک قۆناغەکەدا، کە دوو رۆژی خایاند، هێزی ئاسمانی پشتیوانی و پشتگیری پڕۆسەکە بوون.
ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو، لە خاپور کردن و وێران کردنی تەواوی ئەو مۆڵگە و بارەگایانەی، کە تیرۆریستانی داعش، وەک شوێنی حەوانەوە و خۆ حەشاردان، بەکاریان دەهێنا، لە زنجیرە چیای قەرەچوغ، لە ئەنجامدا توانرا ٥١ کیلۆمەتر چوارگۆشە ناوچەیەکی شاخاوی سەخت، بەپانی ١٧ کیلۆمەتر بەتەواوەتی کێوماڵ بکرێت، دوو تیرۆریست کوژران و دەست گیرا بەسەر کەرەستە و پێداویستی سەربازی و پزیشکی و هەندێک کەرەستەی خواردەمەنی و خەوتنی تیرۆریستان.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، فڕۆکە جەنگیەکان توانیان چەند مۆڵگە و ئەشکەوتێک خاپور بکەن، کە تیرۆریستان وەک شوێنی حەوانەوەی خۆیان بە کاریان هێنابوو.
لەکۆتاییدا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی ناوەندی، لەخاڵی بەیەک گەیشتندا، سەرکەوتنە گەورەکەیان راگەیاند و بە سڵاو کردن لە یەکتر، کۆتاییان بە پڕۆسەکە هێنا.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە