سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەمموزی 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.لە
لە دیدارەکەدا کە ئۆليڤيێ ديكۆتينێ کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.
کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی و چارەسەرکردنیان لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوو. سەرۆکی حکومەت، وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور، جەختیشی لەوە کردەوە کە مانەوەی کێشەکان بە بێ چارەسەری و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، لە بەرژەوەندی ئارامی و سەقامگیریی و هاووڵاتییانی عێراقدا نییە.
سەرۆکی حکومەت لە بارەی پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ ، ئاماژەی بە گرنگیی ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی و بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگیی و سازان کردەوە.
ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ھەواڵی زیاتر