کورد و سۆشیالمیدیا

زەوی خاکە فراوانەکەی ژیانکردن، لە چەندین وڵات و کۆمەڵگا و شار و گەڕەك و تیرە و هۆز و عەشیرەت پێکدێت، هەر گۆشەیەکی ئەم زەوییە جۆرە سایکۆلۆژیایەکی تێدایە و شێوازێک رەفتار و نەریتی کۆمەڵایەتی و ڕووداوی ناوچەیی هەڵسوکەوت و ژیانی خەڵك دەچەسپێنن.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەند وڵاتێك دەگرێتەوە, بەگشتی سایکۆلۆژیایەکی هاوبەش هەیە کە ئەویش بەرهەمی ئەو تێکدان و ئاشووبەیە وڵاتانێکی تر ناویانەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و لە ئەنجامدا تاکی نیشتەجێی ئەم وڵاتانە لەبری خۆپێگەیاندن و بەرەوپێش چوون لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی بێزاری و غەم و بێتاقەتی دەروونیان بەرامبەر باروودۆخەکە خاڵی بکەنەوە و بۆ چەند ساتێك هەست بە شادی بکەن و دوور لە خەفەت و مەراق لە دڵەوە پێبکەنن و ئازار و ناڕەحەتی ژیان بکەن بە ڕابردوو و لەبیریبکەن…
تا ئێرە ئاساییە و هەموو کەسێك مافی خۆیەتی کە هەست بە ئارامی و کامەرانی بکا و لە زەبری دەروونی ڕۆژگار خۆی دەرباز بکا
لێ بەداخەوە لەو نێوەندەدا هەم کۆمەڵگە، هەم کەسایەتییە دیار و ناسراوەکان (کە بەشێکیان زۆر بچووکن و گەورکراون) هەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش، بە مێنتالێتی (هۆشداری )یەکی کەمەوە ڕەفتار دەکەن و کەوتوونەتە گێژاوێکی مەترسیدار کە لە ئایندەدا کاریگەری خراپی لەسەر لایەنی پەروەرەدەیی منداڵ و نەوەی داهاتوو دروست دەکا و ئایندەی کۆمەڵ و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەخاتە بەردەم توونێلێکی تاریك، کە بەس خوا دەیزانێ چی بەسەر ئەم نیشتمانەدا دێت…
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چی دەبینی؟
لە فەیسبووکەوە سەیردەکەی لەژێر هەر بڵاوکراوەیەکی هەواڵی و ئابووری و ڕۆشنبیری و هونەری و تەنانەت ئاینیشدا کەسانێك دەبینرێن کە کاریان بووەتە ئەوە بە نزمترین شێوازی ئەدەب کۆمێنت دەنووسن و لە ئەگەری وەڵامدانەوە (Reply )کردنیان لەلایەن هەر کەسێکی ترەوە بازاڕیان گەرم دەبێ و بە خوشك و دایك و عەشیرەتی یەکدیدا دێنە خوار و هەزاران جنێوی نزم بە یەکدی دەدەن کە خەڵك لەرووی نایە باسیشی بکا، جا زۆرینەی ئەو شەڕەجنێوانەش لەلایەن ئەکاونتی فەیك و بە ناوی خوازراوەوە ئەنجام دەدرێن، بەداخەوە لەلایەن گرووپە سیاسییەکانەوە کارتی ئەنتەرنێت و پاڵپشتی دارایی و کۆمەڵێک ئیمتیازی تر بۆ ئەو قارەمانانە دابین دەکرێ !
لە هەمان کاتدا، پەیجی فەرمی فەیسبووکی چەندین ماڵپەڕی گەورە و بەناوبانگ دەبینی کە زۆرکات بۆ وروژاندنی هەستی بینەر هەندێ بابەتی دوور لە بەها ڕەوشتییەکان بڵاودەکەنەوە و خوێنەر و بینەر بە شتی بێماناوە سەرقاڵ دەکەن ، لەوەش گەرێ کە کۆمەڵە پەیجێك کاریان بووەتە ئەوەی کار لەسەر وروژاندن بکەن بۆ ئەکتیڤ بوونیان و کۆکردنەوەی لایك و کۆمێنت.
وەرە سناپ چات، ئاپە دڵخوازەکەی کچان و گەنجان، ئێ ! چی دەبینی
کۆمەڵێک سناپچی کە ژمارەی subscribe (بەشدار) و بینەری سناپەکانیان ملیۆنی تێپەڕاندووە! ملیۆن! ڕۆژانە لەگەڵ هاوڕێیانیان خەریکی گاڵتە و گەپی نزمن و زۆرکات بەناوی گاڵتەوە کاری زۆر ئاست نزم لەگەڵ یەکدی دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک “ئافرەتی ناشیرینی سلیکۆناوی”، بەناوی مۆدێل و فاشیۆن و بزنسی بۆگەن، هەر ڕۆژەو بەجۆرێك کار لەسەر شێواندنی سایکۆلۆژیای بەرامبەر دەکەن، کەسانێکی هیچ لەبارنەبوو و پووچەڵ، ئاست نزم و کەم ڕەوشت زمانشڕ و دەمەوەر، هەر ڕۆژە و پەلاماری شار و دیالێکت و کۆمەڵێک دەدەن
کە بەبێ هیچ فلتەرێک هەروەك چۆن دەگاتە مۆبایلی تۆی پازدە، بیست، سی، سی و پێنج ساڵی و بەرەو سەرەوە بەهەمان شێوە دەگاتە مۆب و ئاپی منداڵێکی چوار پێنج ساڵی و دەیەها کێشەی پەروەردەیی لە ئایندەیدا دروست دەبێت.
گوزەرێك بکە بەنێو تیکتۆکدا، کارەسات لەوێیە!
بەپێی وتەی دامەزرێنەرەکەی، تیکتۆک بۆ ئەوە دروست بووە تاوەکو لە ڕێگەیەوە و بە ڤیدیۆی کورت سوود بە یەکتری بگەیەنرێت و هزر و بیری یەکتر بە زانیاری بەسوود ڕۆشن بکرێتەوە، بە کرداریش دروستە و چەندین کەسایەتی پەروەردەیی و هۆشیاری لەڕێی پێگە فەرمییەکانیانەوە لەوێ ڤیدیۆی بەسوود و پڕ زانیاری بڵاودەکەنەوە و پێشوازی یەکی باشی لێدەکرێت، بەڵام ئەوە سەدا 10 بابەتەکەیە، 10ی چی؟ کورە زەحمەتە بگاتە 7 یش!
تیکتۆك چونکە ڕێگای مۆنتاژی ڤیدیۆی کورت کردۆتەوە ، کەسانێک دەبینی کە بە جلی کوردی ئوتووکراو( هەندێ جار شۆرت و فانیلەش)ەوە بە لێگزز یان لاندکروزەر(وەنەوشە) کە ئەکید هی خۆشیان نییە و بۆ ڤیدیۆکە هێناویانە، بە دەمانچەیەکی تارق یان کلاشینکۆفێکی سیخۆ و ژەنگاوی یەوە ڤیدیۆی خۆیان تۆمار کردووە و لمووزیان بەرزکردۆتەوە و گۆرانی (هذا شيخ ابن الشيخ) یان لەسەر داناوە، تیاح لەو شێخە!

کۆمەڵێکی تر دەبینی کە دوور لە هەموو بەهایەکی ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی ،خەریکی قسەی بێمانا و شەڕەجنێون و ئەوەش هەمووی بێ سانسۆر دەچێتە گشت مۆبایلبێکەوە،

جا لە هەمووی خۆشتر بازاری تیکتۆك هەیە کە کڕین و فرۆشتن بە ئەکاونتی تیکتۆک دەکرێ ، یەکێك چووبوو تیکتۆك بکڕێ پێیان گوتبوو نرخی ئەوەندەیە و گوتبووی کەمتر نابێ!! کابرای تیکتۆک فرۆش وتبووی کاکە کەمتری چی تا لایك و فۆڵۆم کۆکردۆتەوە خۆم کردووەتە میزەڵان و دەبدەبەی منداڵان ، ئەوەندە جنێویان پێداوم چۆن بە کەمتر دەیفرۆشم!!!!!

هەموو بەکارهێنەرێکیش لە تیکتۆک لە باسی سیاسەتدا، هاوڕێی (مێجەرسن) و (شێخ مەحموود )بووە، لە باسی ئایندا لەگەڵ( مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس )کتێبی داناوە، لە بواری هونەر و میوزیک دا نۆتەی مۆسیقا و گۆرانی فێری( عەلی مەردان) و ( عەدنان کەریم) کردووە، لە سینەمادا (بەهمەنی قوبادی) بە شاگرد وەرناگرێ و لەبابەتی مێژووش خۆی بە (هێرۆدۆت) نادا …

بەزمی کابرای (Cts) و مەهزەلەی سوقرات و ئەنیشتاین ی (Room)  ەکانی (club house) یش لەولاوە بوەستێ.

بە گشتی کورد لە سۆشیالمیدیا کەوتووەتە هەڵمەتی فراوانی لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە و زۆر ناپەسند ، کە ئایندەی هزری و هۆشمەندی تاك بە تاکی شار و گوند و وڵات و نیشتیمانمانی گرتووەتەوە و چارەسەری خێرا و بەپەلەی پێوستە .

کە سەیری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە دەکەیت تێدەگەیت کورد و بە دیاریکراوی چینە کاراکەی سۆشیالمیدیا لە چ گێژاوێک دایە !!

هۆشیار ببنەوە و وریایانە بەکاریبهێنن، هەر یەکێکمان بەرپرسیارەتی گەورەمان لەسەرشانە لەو بابەتە و ناکرێ بەو شێوازە شیرازەی کۆمەڵایەتیمان بەرەو هەڵدێرێکی کارەساتاوی بڕوات

تکایە تکایە تکایە

لایک و فۆڵۆ و subscribe ەکانتان لە پەیج و ئەکاونتی ئەو سناپچی و هزربۆگەن و پاتاڵ و ڕەوشت نزمانە بکشێننەوە و چیدی مەبنە پاڵپشت بۆیان تا ڕێکلامی هەزار دۆلاری پێبکەن

بیکەنە خاتر خوا با ماڵمان بەقوڕ نەگیرێ

عەبدولقادر ڕەسوڵ

ھەواڵی زیاتر